ئاوده‌سته زێڕینه‌كه له شوێنی له‌دایكبوونی چه‌رچل دزرا
K24 - هه‌ولێر:
ئاوده‌ستێكی زێڕین، به‌ناوی ئه‌مه‌ریكا، كه له‌لایه‌ن په‌یكه‌رسازێكی ئیتاڵییه‌وه درووستكرابوو، له كۆشكی بێلینهایمی به‌ریتانیا، كه شوێنی له‌دایكبوونی وینستن چهرچله، دزرا.
ئاوده‌سته‌كه له‌لایه‌ن په‌یكه‌رسازی ئیتاڵی، ماوریزۆ كاتیلان له زێری عه‌یار 18 درووستكراوه، بۆ یه‌كه‌مجاریش له پێشانگایه‌ك له نیویۆرك نمایشكراوه، دواتر گه‌ڕێنرایه‌وه به‌ریتانیا.
به گوێره‌ی پشكنه‌ری پۆلیس، چه‌ند دزێك به شه‌و چوونه‌ته پێشانگاكه و توانیویانه ئاوده‌سته‌كه بدزن، به‌بێ ئه‌وه‌ی كه‌س پێی بزانی، تا رۆژی دواتر بینیویانه ئاوده‌سته‌كه نه‌ماوه.
كۆشكه‌كه ده‌كه‌وێته ناوچه‌ی وودستۆكی ئۆكسفۆردشایهری ئینگلته‌را، پۆلیسیش رووداوه‌كه‌ی پشتڕاستكردووه‌ته‌وه و پشكنینی ده‌ستیپێكردووه.
ئه‌و ئاوده‌سته به شێوه‌یه‌ك له‌لایه‌ن هونه‌رمه‌نده ئیتاڵییه‌كه درووستكرابوو، كه ده‌توانرا به‌كاربهێنرێت، سه‌ردانیكه‌رانی یه‌كه‌م پێشانگا له ساڵی 2016، بۆیان هه‌بوو به‌كاریبهێنن و تاقیبكه‌نه‌وه، بۆ ئه‌وه‌ش له یه‌كێك له ئاوده‌سته‌كانی پێشانگاكه له نیویۆرك دانرابوو.
پۆلیسی تایمز ڤالی رایگه‌یاند، به‌هۆی رووداوه‌كه كه‌سێك ده‌ستگیركراوه كه پێده‌چێت ده‌ستی له دزینی ئه‌و كاره هونه‌رییه هه‌بێت، پۆلیس ئه‌وه‌شی راگه‌یاندووه، كه ئه‌و گرووپه‌ی دزییه‌كه‌یان كردووه، دوو ئۆتۆمبێلیان به‌كارهێناوه.
پۆلیس ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، تا ئێستا نه‌توانراوه ئاوده‌سته‌كه بگه‌ڕێندرێته‌وه، به‌ڵام لێكۆڵینه‌وه‌كان به‌رده‌وامن.
سه‌رچاوه: Time
ئ. م