جوتیاران داوا دەکەن وەزارەتی کشتوکاڵ کارئاسانیان بۆ بکات

داوا دەکەن گرنگی بە کەرتی کشتوکاڵ بدرێت
kurdistan24.net

K24 - سلێمانی

بوونی کەشوھەوای چوار وەرزی لە کوردستان، وایکردوە جوتیاران بتوانن لە چەند مانگێکی کەمدا بەروبوومەکانیان لە بازاڕەکانی ناوخۆدا ساغ بکەنەوە و ئەوەی زیادیشی ھەبووە فرێبدرێت و نەتوانن بینێرنە دەرەوەی عیراق، بۆیە جوتیاران داوا دەکەن كابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی كوردستان جێی ئومێدەکانیان بێت و کارئاسانی بۆ جوتیاران بکات و گرنگی زیاتر بە کەرتی کشتوکاڵ بدات.

جوتیارانی ھەرێمی کوردستان لە مانگی 2 ھەتا مانگی 11 کاردەکەن، بۆ  بەرھەمھێنان و خزمەتی کێڵگەکانیان، بەڵام ئەوان بەو سەرمایە کەم و داھاتە کەمەوە، ناتوانن برەو بە کارەکانیان بدەن بۆ ھەر چوار وەرزەی ساڵ. سامان یەكێكە لە جوتیارانی كوردستان ماوەی 4 ساڵە کێڵگەی نایلۆن و بەروبوومی خۆماڵی ھەیە، داوا لە حکوومەت دەکەت پلانی ھەبێت بۆ ھاوکاری جوتیاران و ساخكردنەوەی بەرھەمەكانیان.

بەروبوومی خۆماڵی بۆ ماوەی چوار مانگ دەتواندرێت پشتی پێببەسترێت، كە بەشێكی پێكدێت لە خەیار و تەماتە و زۆربەی سەوزەکان و میوەکان، بەوھۆیەی  کەشوھەوای کوردستان چوار وەرزەیە و ناتواندرێت بەردەوامی پێبدەن، بەڵام داواکاری بەرپرسانی کشتوکاڵ و جوتیارانیش لە حکوومەتی كوردستان بڕیاردانە بە رێگرتن لە ھاوردە و یارمەتی دانی کەرتی کشتوکاڵ لە دابینکردنی کەرەستەی پێویست.

تا ساڵی 2014 زیاتر لە 18 ھەزار خانووی پلاستیکی لە ھەرێمی کوردستان ھەبووە، کە 8 ھەزاریان لە سلێمانی بووەو لە ماوەی ئەم چەند ساڵەی دوایش زیاتربووە، بە وتەی جوتیارانیش حكوومەت و وەزارەتی کشتوکاڵ وەک پێویست ھاوکاریان نەکردون و ئێستاش ئومێدیان لەسەر حكوومەت ھەڵچنیووە، كە بە گوێرەی كارنامەكەی گرنگی بە كەرتی كشتوكاڵ بدات.

ھ.م