ئه‌رێ كابینه‌ی نوێ نه‌بڕایه‌وه؟
ڕووداوه‌كان، دۆخ و دیارده‌كان له‌م وڵاته زۆر ناخۆشن، هه‌رچی ڕوویدا، تۆ ده‌بێت یان له‌گه‌ڵی بیت یان دژی بیت، بژارده‌یه‌كی دیكه‌ت نییه! مرۆڤی ئێمه گوناحه، بۆی نییه به‌لای ڕووداوه‌كاندا تێپه‌ڕێ و كاری به‌سه‌ریانه‌وه نه‌بێت، هه‌رچی ڕوویدا، ده‌بێت به زوویی هه‌ڵوێستی خۆی له سه‌ریان ڕوون بكاته‌وه!
ئه‌گه‌ر شتێك ڕووبدات و من قسه نه‌كه‌م، چه‌ندین نامه‌م بۆ دێ ولێم ده‌پرسن: كاك بارزان بۆچی قسه له‌سه‌ر فڵانه شت ناكه‌ی؟ بۆچی له‌سه‌ر فیساره شت هه‌ڵوێستت نه‌بوو؟ لێره ته‌نیا هه‌ڵه ده‌كرێ و قسه‌ی له‌سه‌ر ده‌كرێ، هه‌رگیز هه‌ڵه چاك ناكرێته‌وه، نه‌ك هه‌ر ئه‌وه‌ش، كه‌س بیری بۆ ئه‌وه ناچێت ئه‌سڵه‌ن هه‌ڵه نه‌كات!
لێره هیچ كات خه‌ڵكه‌كه‌ی به دۆخی ئاشتی ته‌واوه‌تی و گشتگیردا تێنه‌په‌ڕیون، ئه‌گه‌ر شه‌ڕی چه‌كداریش نه‌كه‌ن، شه‌ڕی سیاسی ده‌كه‌ن، ئه‌گه‌ر شه‌ڕی سیاسیش نه‌كه‌ن، شه‌ڕی میدیایی ده‌كه‌ن، یه‌كه به یه‌كه‌ی كورد بدوێنه سه‌ركۆنه‌ی شه‌ڕی ناوخۆ ده‌كات، ته‌نانه‌ت ئه‌وانه‌شی كه خۆیان به‌شداری شه‌ڕه‌كه بوون، به قسه سه‌ركۆنه‌ی ده‌كه‌ن، به‌ڵام تێكڕایان له شه‌ڕێكی ناوخۆی ده‌روونیدان له‌گه‌ڵ یه‌كدی!
ئه‌و میلله‌تانه‌ی كه هیچ نین و هیچیش دروست ناكه‌ن و هیچ وه‌به‌رهێنانێكی پیشه‌سازییان نییه، به‌رده‌وام ئاریشه دروست ده‌كه‌ن، تاكه‌كانیان له‌وپه‌ڕی لوتبه‌رزی و خۆ بهشتزانیدان، كه‌م كه‌سیان هه‌یه پێی وابێت نه‌خێر ژیر نییه و ناتوانێت له‌گه‌ڵ دونیای مۆدێرنه‌دا هه‌ڵبكات، هه‌مووی پێیوایه باشترینه، ژیرترینه!
هه‌موو ساڵێك له وه‌رزی گه‌رادانان، ده‌بێت لێیان بپارێیته‌وه كه ڕاوه ماسی نه‌كه‌ن، هه‌موو ساڵێك له ڕه‌مه‌زاندا مامۆستایانی ئاینی ده‌بێت پێیان بڵێت ڕۆژوو به چی ده‌شكێ! پزیشكه‌كان ده‌بێت پێیان بڵێت چی بخۆن و چی نه‌خۆن! ئێستاش له ترسی پۆلیسی دارستان نه‌بێت، ئه‌سڵه‌ن دارستانێك له‌م وڵاته‌دا نه‌ده‌بوو.
ئێمه له شوێنێكی دووره ده‌ستی دونیادا نین، به‌ڵام هه‌ندێ له ڕه‌فتاره‌كانمان وه‌ك مرۆڤی چاخه‌كانی سه‌ره‌تاییه، مرۆڤی نیانده‌رتاڵ شارستانیه‌تی نه‌بوو، تۆش نیته، خوێنه‌واریی نه‌بوو، تۆش نیته، تێگه‌شتنی بۆ خۆی و بۆ جیهان نه‌بوو، ڕێك تۆش نه خوێندنه‌وه‌ت بۆ خۆت هه‌یه و نه بۆ جیهانیش!
ئێمه به ئێنته‌رنێتی فایبه‌ر ئۆپتیك به‌ستراوینه‌ته‌وه به جیهانه‌وه، به فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی و ته‌له‌گرام و پۆسته‌وه به‌ستراوینه‌ته‌وه به جیهانه‌وه، به‌ڵام به گهوجێتیمان ده‌ستمان له دونیا به‌رداوه.
ئه‌م میلله‌ته پێكڕا به‌ر ده‌بنه شتێك، هه‌مووی له سه‌ری ده‌نووسێ و له سه‌ری ده‌ڵێت، به‌ڵام هه‌ر ئه‌و شته، له ڕۆژی پاشتر ده‌بێته شتێكی لاوه‌كی و بێ بایه‌خ له لایان. كورد بۆ یه‌ك جار باسی شته‌كان ده‌كات، هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی لایان گرنگه و شه‌ڕیان له سه‌ری ده‌كرد، ڕۆژی دواتر، مانگی دواتر، ساڵی دواتر، هه‌ندێ كات هه‌ر سه‌عاتێك دواتر، بێ بایه‌خ ده‌بێت لایان!
تۆ نا‌توانیت بۆ ماوه‌ی سێ ڕۆژی یه‌ك له دوای یه‌ك، له‌سه‌ر شتێك بنووسی و چڕبیتهوه تیایدا، یه‌كسه‌ر پیاتا هه‌ڵده‌شاخێن و تێت ده‌خوڕن كه بهسیكهیت و بێده‌نگ بیت، سه‌دان جار پێیان وتووم: ئه‌رێ باسی ئێران نه‌بڕایه‌وه؟ ده‌ی من ته‌نیا چوار وتارم له‌سه‌ر ئێران نووسی! ئه‌رێ باسكردنی كابینه‌ی نوێ ته‌واو نه‌بوو؟ من ته‌نیا دوو وتارم له‌سه‌ر كابینه‌ی نوێ نووسی! ئه‌رێ قسه كردن له‌سه‌ر ژن كوژی نه‌بڕایه‌وه؟ ئه‌رێ ئه‌مه نه‌بڕایه‌وه؟ ئه‌رێ ئه‌وه نهبڕیهوه؟ هه‌موو شت لای كورد بۆ چه‌ند سه‌عاتێكه و هیچی تر!
ئه‌وجا تۆ به ناچاری لكێنراوی به عێراقه‌وه، عێراق وڵاتێكه داری به‌سه‌ر به‌ردییه‌وه نه‌ماوه، سایكۆلۆژیای مرۆڤه‌كانی به ته‌واوه‌تی شێوێنراوه، هه‌وڵ بده‌ن یه‌كتری قه‌بووڵ بكه‌ن، تۆی غوڵامی فڵان به‌گ، شه‌ڕی غوڵامی فیسار ئاغای تر مه‌كه، وه‌رن ڕێز له مه‌رگ و مردووی یه‌كدی بگرن، سه‌ردانی نه‌خۆشی یه‌كدی بكه‌ن، خیلافهكانتان ته‌نیا له سیاسه‌تدایه، ئه‌دی بۆچی له فوتباڵ و موزیك و شیعر و هه‌ڵپه‌ڕكێ و پرسه و سه‌یران و سهفاشدا ناكۆكن؟