ھەڵمەتی رووبەڕووبوونەوەی شێرپەنچەی منداڵ لە سلێمانی بەڕێوە دەچێت
K24 - سلێمانی
لەم مانگەدا ھەڵمەتی رووبەڕووبوونەوەی شێرپەنجەی منداڵ بەڕێوە دەچێت، بەم بۆنەیەوە لە سلێمانی و لەژێر ناونیشانی مانگی شێرپەنجەی منداڵ، کەمپینی ھۆشیاریی شێرپەنجەی منداڵ راگەیەندرا، بەرپرسی بەشی منداڵانی نەخۆشخانەی ھیواش دەڵێت، ئامانجیان لە کەمپینەکە زیاتر ھۆشیارکردنەوەی ھاووڵاتییانە.
ئاماژە بۆ ئەوەش دەكات، گرنگە پێشوەخته ھاووڵاتیان لە نیشانەکانی شێرپەنجە لە منداڵاندا ئاگادار بكرێنهوه، چونکە بە زوویی دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکە ھۆکارێکی باشە بۆ رێگریکردن لە بڵاوبونەوەی شێرپەنجە.
به گوێرهی زانیارییهكان، مۆربوونەوەی پێست، خوێنبەربوون، ئازاری بهردهوامی ئێسکەکان، گرێ و ھەڵاوسان بە تایبەت ئەگەر بێ ئازاربێت بەبێ تا، دابەزینی کێش، کۆکەی بەردەوام، تەنگەنەفهسیی، گۆڕانکاریی بەسەر چاودا هاتن وەک خێل بوون و لە دەستدانی بینین، ئاوسانی گەدە، سەرئێشەی بەردەوام، ھەڵاوسان بەبێ بوونی ھیچ پێکانێک یاخود ھەوکردنێک، بەھێما مەترسیدارەکانی شێرپەنجەی منداڵ دەناسرێن.
بەپێی ئامارێکی نەخۆشخانەی ھیوا، لە 6 مانگی یەکەمی ئەمساڵدا نزیكەی 100 منداڵی تووشبووی نوێ لە نەخۆشخانەکە تۆمار کراون، نزیکەی 2500 منداڵی دیکەش چارەسەری بەردەوامیان بۆ کراوە.
ھ.م