نێچیرڤان بارزانی بڕیاری دیاركردنی 3ی ئابی وه‌ك رۆژی كۆمه‌ڵكوژیی ئێزدییه‌كان واژۆ كرد

"ده‌سه‌ڵاتی فیدرالی به‌رپرسه‌ له‌ قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی ناوچه‌كه‌"

K24 - هه‌ولێر:

نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، واژۆی له‌سه‌ر بڕیاری دیاركردنی رۆژی كۆمه‌ڵكوژیی ئێزدییه‌كان كرد.

به‌ گوێره‌ی بڕیاره‌كه‌ی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، رۆژی 3ی ئاب، وه‌كو رۆژی كۆمه‌ڵكوژیی ئێزدییه‌كان دیار كراوه‌ و له‌ بڕگه‌ی یه‌كه‌می بڕیاره‌كه‌شدا هاتووه‌: "ئه‌و كوشتار و كۆمه‌ڵكوژییه‌ی (جینۆساید) ده‌رهه‌ق به‌ ئێزدییه‌كان له‌ ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم له‌لایه‌ن رێكخراوی تیرۆریستیی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی له‌ عێراق و شام و ناسرا و به‌ (داعش) ئه‌نجام درا، خه‌سڵه‌تی تاوانه‌كانی جینۆساید و تاوانه‌كانی دژ به‌ مرۆڤایه‌تی و تاوانه‌كانی جه‌نگ له‌ خۆ ده‌گرن كه‌ تاوانی نێوده‌وڵه‌تین".

هه‌ر له‌ بڕیاره‌كه‌دا ئاماژه‌ به‌وه‌ دراوه‌، ده‌سه‌ڵاته‌ ده‌ستوورییه‌كانی كۆماری عێراقی فیدراڵ به‌رپرسیارێتیی قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ و دابینكردنی ماف و ئیمتیازانی قوربانیان و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی ناوچه‌كه‌ له‌ ئه‌ستۆ ده‌گرن.

له‌ بڕیاره‌كه‌دا ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان راسپێردراون حوكمه‌كانی ئه‌و بڕیاره‌ جێبه‌جێ بكه‌ن.