کۆمسیۆن ره‌تیده‌كاته‌وه‌ هیچ كێشه‌یه‌كی له‌گه‌ڵ ناوی لیستی "كه‌ركووك كوردستانییه‌"دا هه‌بێت

سەرۆکی بەرەی عەرەبی یەکگرتوو، هەڕەشەی تۆمارکردنی سکاڵای دژی لیستەكه‌ ده‌كات

K24 – كه‌ركووك:

دەنگۆی رەتکردنەوەی ناوی لیستی کەرکووکی کوردستانی هەیە، کەدوێنێ لەزاری وەسفی عاسی سەرۆکی بەرەی عەرەبی یەکگرتوو، هەڕەشەی تۆمارکردنی سکاڵای دژی لیستەکە کرد.

سەبارەت بەو دەنگۆیە و رەتکردنەوەی ناوی لیستی کەرکووکی کوردستانی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک،  کە لە 10ی ئەم مانگە حزبە کودستانییەکان بڕیاریان لەسەریدا، رزگار حاجی حەمە جێگری بەڕێوەبەری کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان بە کوردستان24ی راگەیاند، ئەوان هێشتا بە فەرمی هیچ ناوێکیان بەدەست نەگەیشتووە و رەتیکردەوە کۆمسیۆن قسەی لەسەر ئەو بابەتە کردبێت.

هه‌ر له‌و باره‌یه‌وه‌، وتەبێژی کۆمسیۆن لەکەرکووک، باست دەروێش، رەتیکردەوە، ناوەکە هیچ کێشەیەکی یاسایی هەبێت و لەمبارەیەوە بە کوردستان24ی راگەیاند، کۆمسیۆن حزبەکانی سەرپشک کردووە لە هەڵبژاردنی هەرناوێک کە گووزارشت لە لیستەکەیان بکات.

بڕیارە 1ی نیسان/ ئه‌پریڵی 2020 هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە عێراق بەڕێوە بچێت،  کەرکووکیش کە لە ساڵی 2005ەوە  لەو هەڵبژاردنە بێبەشکراوە، بڕیارە ئەمجارەیان بەشداری بکات، هەر لە ئێستاوە لیست و قەوارە سیاسییەکان کێبڕکێی بەدەستهێنانی زۆرترین کورسی  دەکەن.

کوردیش ئەگەرچی بڕیاری یەک لیستی داوە، بەڵام حزبی سۆسیالیست و نەوەی نوێ و هاوپەیمانی نیشتیمانی لەنێو لیستە کوردستانییەکە نین و هێشتا دیار نیە ئەو لیستە تاکۆتایی وەکو خۆی دەمێنێتەوە یان نا، بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک ئەمجارەیان، 13 کورسی دیاریکراوە لەکاتێکدا پێشتر 41کورسی بوو، کە 26یان لیستی برایەتی کەرکووک بوو، هەریەک لە عەرەبەکان 6 کورسی و تورکمانەکانیش  9کورسیان هەبوو.