سه‌رۆك بارزانی و حه‌لبووسی چه‌ند پرسێك تاوتوێ ده‌كه‌ن

جەخت لە سوودوەرگرتن لەو ئاراستە و كەشە ئیجابییە كرایەوە كە لە پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا هاتووەتە ئاراوە

K24 - هه‌ولێر

ئه‌مڕۆ پێنجشەممە 19/9/2019، سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازیی لە محەممەد ئەلحەلبووسی، سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و شاندێكی یاوەری كرد و چه‌ند پرسێكی جێی بایه‌خی هه‌رێم و به‌غدایان تاووتوێ كرد.

لە دیدارەكەدا كە هێمن هەورامی، جێگری سەرۆكی پارلەمانی كوردستان ئامادەی بوو، بارودۆخی سیاسیی عێراق و ناوچەكە و پەیوەندییەكانی هەولێر و بەغدا تاووتوێ كران.

هەر لەو دیدارەدا جەخت لە سوودوەرگرتن لەو ئاراستە و كەشە ئیجابییە كرایەوە كە لە پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا هاتووەتە ئاراوە. ئەویش لەپێناو چارەسەركردنی بنەڕەتیی كێشە و گرفتەكانی نێوان هەولێر و بەغدا و لەژێر ڕۆشنایی دەستووری عێراقدا. بۆ ئەو مەبەستەیش تەئكید لە بەردەوامیی پەیوەندیی و ڕاوێژی هەردوولا كرایەوە.

ئه‌مڕۆ، پێنجشه‌ممه‌ 19/9/2019، محه‌ممه‌د حه‌لبووسی، سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، گه‌یشته‌ شاری هه‌ولێر و له‌ فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تیی هه‌ولێر له‌لایه‌ن رێواس فایه‌ق، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان پێشوازیی لێ كرا.

به‌ گوێره‌ی زانیارییه‌كانی په‌یامنێری كوردستان 24، حه‌لبووسی ده‌چێته‌ پارێزگای دهۆك و به‌شداریی له‌ چه‌ند چالاكییه‌ك ده‌كات و ئاماده‌ی ئاهه‌نگی ده‌رچوانی یه‌كه‌مین خولی قوتابیانی زانكۆی ئه‌مه‌ریكی كوردستان له‌ دهۆك ده‌بێت كه‌ بڕیاره‌ ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ به‌ڕێوه‌ بچێت.

هه‌روه‌ها له‌گه‌ڵ نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان و مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیش كۆده‌بێته‌وه‌ و بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غداش، پێشنیازێك ده‌خاته‌ روو.

سه‌ردانی حه‌لبووسی بۆ هه‌رێمی كوردستان له‌ كاتێكدایه‌، رۆژی چوارشه‌ممه به‌رهه‌م ساڵح،‌ سه‌رۆكی كۆماری عێراقی فیدراڵ، سه‌ردانی هه‌ولێری پایته‌ختی هه‌رێمی كوردستانی كرد و له‌گه‌ڵ سه‌رۆك مه‌سعوود بارزانی و نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان و مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كۆبووه‌وه‌ و چه‌ندین پرسی گرنگ و جێی بایه‌خی هه‌رێمی كوردستان و به‌غدایان تاووتوێ كرد.

سه‌ردانی حه‌لبووسی له‌ كاتێكدایه‌ جووڵه‌یه‌كی سیاسی و دیپلۆماسیی فراوان له‌نێوان شانده‌كانی هه‌رێمی كوردستان و به‌غدا هه‌یه‌ به‌ ئامانجی لێكتێگه‌یشتنی زیاتر و چاره‌سه‌ركردنی پرسه‌كانی بوودجه‌ و ناوچه‌ كوردستانییه‌كان و دۆسیه‌ی نه‌وت و چه‌ندین پرس و بابه‌تی گرنگی دیكه‌‌.