بڕیارێكی حكومه‌ت جووتیاران دڵخۆش ده‌كات

بڕی قیسته‌كه‌ كه‌مكراوه‌ته‌وه‌ و ماوه‌كه‌شی درێژكراوه‌ته‌وه‌
kurdistan24.net

K24 - هه‌ولێر:

جووتیاران دڵخۆشن بە بڕیارەكەی حكومەتی ھەرێمی كوردستان كە ماوەی دانەوەی قەرزی جووتیارانی درێژكردەوە و بڕی پارەی قستەكەشی كەمكردەوە، گلەییش لە حكومەتی عێراق دەكەن كە ھێشتا پارەی تەواوی گەنمی جووتیارانی بۆ ساڵەكانی 2014 و 15 و 16 نەداوە. سەرۆكی یەكێتی گشتی جووتیارانی كوردستانیش ئاشكرایدەكات لە رابردوودا نزیكه‌ی 9 ھەزار جووتیار لەو پرۆژەیە سوودمەندبوون.

جووتياركه‌ نزیكه‌ی 50 ساڵە سه‌رقاڵی كاره‌كه‌یه‌تی، بەم تەمەنەوە لەگەڵ كوڕەكانی خۆی خەریكی ھەرزنی گەنمە، تا بیباتە بازاڕ و بیكاتە پارە، ئەو چەند ساڵێك پێش ئێستا نزیكەی 50 ملیۆن دیناری لە حكومەت قەرز كردووە، بڕێكی زۆری قەرزەكەی داوەتەوە و نزیكەی 15 ملیۆن دیناری ماوە بیداتەوە، دڵی خۆشە بە بڕیارەكەی حكومەت بە درێژكردنەوەی ماوەی دانەوەی قەرزەكان و گلەیشی لە حكومەتی عێراق ھەیە.

لە ساڵی 2012ـەوە حكومەت پێدانی قەرزی بە جووتیاران كردەوە، ئەم پرۆسەیە تا ساڵی 2014 بەردەوام بوو، قيستی دانەوەی قەرزەكان بۆ ماوەی پێنج ساڵ بوو، بەڵام بەھۆی قەیرانی دارایی جووتیارەكان نەیانتوانی لە كاتی خۆیدا قەرزەكە بدەنەوە.

سەرۆكی یەكێتی گشتی جووتیارانی كوردستانیش دەڵێت: "درێژكردنەوەی قستەكان و كەمكردنەوەی بڕی دانەوەی قەرزەكان پێشنیازی ئەوان بووە".

بەگوێرەی ئەو ئامارەی لای یەكێتی جووتیارانی كوردستان ھەیە، بڕی قەرزكردنەكە لە 5 ملیۆن دینارەوە تا 100 ملیار دینار بە شێوەیەكی گشتی دەستیپێكردووە، حكومەتی ھەرێمی كوردستانیش لە كۆبوونەوەی 18ی ئەم مانگە، ماوەی دانەوەی قەرزەكانی بۆ جووتیاران درێژكردەوە و بڕیاریشدرا، بڕی دانەوەی قەرزەكە كەم بكرێتەوە.

ئ. م