تره‌مپ به‌هانای سعوودیه و ئیماراته‌وه ده‌چێت
K24 - هه‌ولێر:
دوای سه‌پاندنی سزای نوێ به‌سه‌ر ئێران‌دا، دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا، ره‌زامه‌ندیی له‌سه‌ر ناردنی هێزی زیاتری ئه‌مه‌ریكی ده‌ربڕی بۆ ئه‌وه‌ی بچنه كه‌نداو و بۆ به‌ھێزكردنی سیستمی به‌رگریی ئاسمانی و مووشه‌كیی سعوودیه و ئیمارات هاوكاریی ئه‌و دوو وڵاته بكه‌ن.
مارك ئێسپه‌ر، وه‌زیری به‌رگری ئه‌مه‌ریكا له‌وباره‌یه‌وه گووتی: "بۆ رێگریكردن له گرژی و ئاڵۆزیی زیاتر سعوودیه داوای هاوكاریی نێوده‌وڵه‌تی كردووه بۆ پاراستنی ژێرخانه ژیارییه‌كه‌ی وڵاته‌كه، ئیماراتیش پاش بۆردوومانكردنی دامه‌زراوه نه‌وتییه‌كانی سعوودیه هه‌مان داواكاریی هه‌بووه".
وه‌زیری به‌رگری ئه‌مه‌ریكا ده‌ڵێت: "سه‌رۆك تره‌مپ ره‌زامه‌ندیی له‌سه‌ر بڵاوكردنه‌وه‌ی هێزی به‌رگریی ئه‌مه‌ریكی داوه و سه‌رنجیان له‌سه‌ر سیستمی به‌رگریی ئاسمانی و سیستمی مووشه‌كیی ده‌بێت".
هه‌رچه‌نده تا ئێستا ژماره‌ی ئه‌و هێزه و جۆری چه‌كه‌كانیان ئاشكرا نه‌كراوه، به‌ڵام سه‌رۆكی ده‌سته‌ی ئه‌ركانی هاوبه‌ش، جه‌نه‌راڵ جو دانفۆرد له كۆنفرانسێكی رۆژنامه‌وانیدا له پێنتاگۆن گووتی: "ئه‌و سه‌ربازانه‌ی ده‌نێردرێن بۆ ئاماده‌سازیی و توندوتۆڵكردنی به‌رگرییه و ژماره‌یان به هه‌زاران نابێت".