حه‌شد "ئه‌ندازیاره‌كه" پشتگوێ ده‌خات
K24 - هه‌ولێر:
فه‌رمانێكی دیوانی نوێ له عێراق، بۆ په‌راوێزخستنی ئه‌بو مه‌هدی موهه‌ندیس، جێگری سه‌رۆكی ده‌سته‌ی حه‌شدی شه‌عبی ده‌رچوو، كه تێیدا ئه‌و پۆسته به ته‌واوه‌تی هه‌ڵده‌وه‌شێنێته‌وه و ده‌سه‌ڵاته‌كانیش ده‌درێنه سه‌رۆكی ده‌سته‌كه، كه فالح فه‌یازه.
سه‌رچاوه‌یه‌ك رایگه‌یاندووه، به گوێره‌ی فه‌رمانه نوێیه‌كه، ره‌زامه‌ندی له‌سه‌ر دووباره په‌یكه‌ربه‌ندكردنی ده‌سته‌كه دراوه و ته‌واوی ناوونیشانی ئه‌و پۆستانه‌ش هه‌ڵده‌وه‌شێنه‌وه كه له‌گه‌ڵ ناوونیشانی په‌یكه‌ربه‌ندی نوێ یه‌كناگرنه‌وه و پێچه‌وانه‌ن، له به‌رامبه‌ریشدا ده‌سه‌ڵاتی ته‌واو به سه‌رۆكی ده‌سته دراوه، بۆ ئه‌وه‌ی بریكار و پۆسته‌كانی دیكه دابمه‌زرێنێت و بۆ وه‌رگرتنی ره‌زامه‌ندی بۆ سه‌رۆك وه‌زیرانی ره‌وانه بكات.
سه‌رچاوه‌كه، كه ناوه‌كه‌ی ئاشكرا نه‌كراوه بۆ رۆژنامه‌ی "شه‌رقولئه‌وسه‌ت" ده‌ڵێت: "ته‌واوی فه‌سیله‌كانی حه‌شدی شه‌عبی پابه‌ندن به رێنماییه نوێیه‌كان، ئه‌وه‌ی كێشه‌كه زه‌قتر ده‌كاته‌وه، هه‌ڵگرتنی پۆستی جێگری سه‌رۆكی ده‌سته‌ی حه‌شدی شه‌عبییه، به تایبه‌تیش ئه‌گه‌ر پۆستێكی گرنگی پێنه‌درێت، به‌لای كه‌مه‌وه وه‌كو سه‌رۆكی ئه‌ركان".
به گوێره‌ی رۆژنامه‌كه‌ش، له ماوه‌ی چه‌ند مانگی رابردوو، "موهه‌ندیس" بووه‌ته هۆكاری سه‌رهه‌ڵدانی چه‌ندین قه‌یران له‌ناو "ده‌سته‌ی حه‌شد"، كاتێك بڕیاری دامه‌زراندنی هێزێكی ئاسمانی تایبه‌ت به "حه‌شد"ی ده‌ركرد، دواتریش فالح فه‌یاز بڕیاره‌كه‌ی ره‌تكرده‌وه.
كاتێك فه‌یاز بڕیاره‌كه‌ی ره‌تكرده‌وه، "موهه‌ندیس" راگه‌یه‌ندراوێكی ده‌ركرد و تێیدا ئه‌مه‌ریكای تۆمه‌تباركرد به‌وه‌ی له پشته‌وه‌ی ئه‌و هێرشانه‌یه كه ده‌كرێنه سه‌ر بنكه سه‌ربازییه‌كانی حه‌شد له عێراق.
ئ. م