لە سلێمانی 12 شوێنی گۆڕینی سیستمی سووتەمەنی ئۆتۆمبێل دەداخرێن

هۆکارەکەی ئاشکرا دەکرێت

K24 – سلێمانی:

بە بڕیاری وەزارەتی ناوخۆ، ئەو شوێنانە دادەخرێن کە سیستمی ئۆتۆمبێل لە بەنزینەوە بۆ غاز دەگۆڕن؛ بەو هۆیەشەوە 12 شوێن لە سلێمانی دادەخرێن.

محەمەد جەعفەر، ئەندامی لیژنەی سووتەمەنی و کانزاکان لە سلێمانی لەوبارەیەوە رایگەیاند: "شوێنەکان دادەخرێن تا ئەو کاتەی مۆڵەت و رێنمایی نوێ بەکاردەهێنن. دەبێت بڕوانامەی ئایزۆیان هەبێت و ئەندازیاری خۆماڵیش سەرپەرشتی کارەکانیان بکات".

راشیگەیاند: "بڕیارەکە بۆ پاراستنی سەلامەتی هاووڵاتیانە چونکە بەهۆی سیستمەکە چەند ئۆتۆمبێلێک ئاگریان گرتووە".

پێشتریش، لە پارێزگای هەولێر، هەمان رێکار بەرامبەر بەو شوێنانەی سیستمی بەنزین بۆ غاز دەگۆڕن گیراوەتە بەر.

لە بەرنامەی "ترافیک"ی کوردستان24، بە دواداچوون بۆ سیستمی غازی ئۆتۆمبێل لە هەرێمی کوردستان کرا و لایەنە خراپ و زیانەکانی ئاشکرا کرا، لە دوای ئەو بەرنامەیە، حکوومەت چەند بڕیارێکی دەرکرد.

H.J