كۆمپانیاكانی ھەرێمی فلاندێرزی بەلجیکا دهیانهوێت وهبهرهێنان له ههرێمی كوردستان بكهن
K24 - ههولێر:
کۆمپانیاکانی ھەرێمی فلاندێرزی بەلجیکا خوازیارن وەبەرھێنان لەھەرێمی کوردستان بکەن، بۆ ئەم مەبەستەش شاندێكی ژووری بازرگانی و پیشەسازی ھەرێمی کوردستانیان بەفەرمی بانگھێشتی بەلجیکا کردووە.
ھەرێمی فلاندێرزی بەلجیکا یەکێکە لەسێ ھەرێمە دەوڵەمەندەکەی بەلجیکا، فلاندێرزییەکان دەیانەوێت لەنزیکەوە گوێ لەبازرگانانی کورد بگرن دەربارەی بارودۆخ و ئاسایش و ئابوری کوردستان .
له ھۆڵی ژووری بازرگانی و پیشەسازی شاری ئانتڤێرپنی پایتەختی ھەرێمی فلاندێرزی بەلجیکا، ئەو شارەی بەبازرگانیکردن بەئەڵماس ناوبانگی لەجیھاندا دەکردووە. سەرمایەدار و بازرگانە فلاندێرزی و کوردەکان کۆبوونەتەوەو دەیانەوێت پەیوەندی بازرگانی و پیشەسازی لەنێوان ئەم دوو ھەرێمەدا دروست بکەن .
سۆران ئەبوبەکر، جێگری سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی ھەرێمی کوردستانیش دەڵێت: "لێرەین بۆ ئەوەی کۆمپانیا فلاندێرزی و بەلجیکییەکان رابکێشین و وەبەرھێنان لەکوردستان بکەن".
ههروهها جیل سوێتێنس، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی ھەرێمی فلاندێرزی بەلجیکاش دەڵێت: "حەزدەکەین وەبەرھێنان لەسێکتەرە جیاوازەکانی کوردستان بکەین".
دلاوەر ئاژگەیی، نوێنەری حکومەتی ھەرێمی کوردستان لەیەکێتی ئەوروپا کە رۆڵی ھەبووە لە دروستکردنی پەیوەندی بازرگانی و سیاسی لەنێوان ھەردوو ھەرێمدا باس لەگرینگی ئەم کۆنفرانسە بۆ بواری وهبهرهێنان و فراوانتركردنی پهیوهندییه ئابووری و بازرگانییهكان كردووه.
بەلجیکا پێکھاتووە لەسێ ھەرێم، ھەرێمی فلاندێرزی و والۆنی و برۆکسل. بەڵام ھەرێمی فلاندێرزی دەوڵەمەندترین ھەرێمیانە، لەبەر ئەوەی زۆربەی وەبەرھێنان و بازرگانی و پیشەسازی دەکەوێتە ئەم ھەرێمەوه، سەڕەرای ئەوەی فلاندێرزییەکان رێژە و دەسەڵاتیان لە ناو حکومەتی فیدراڵی بەلجیکا زۆرترە.