هه‌ڵوێستی سێ وڵاتی ئه‌وروپی ئه‌ركی ئێران سه‌ختتر ده‌كات

ئێران له‌ "بیابانی ئارامكۆ" رزگاری نابێت

K24 - هه‌ولێر:

راگەیاندراوی سێ وڵاتی ئەوروپی سەبارەت بە دەست هەبوونی ئێران لە هێرش بۆ سەر دامەزراوە نەوتییەکانی سعوودیە کاردانەوەی توندی بەرپرسانی سەربازی و سیاسیی ئێرانی لێ کەوتەوە، ئێرانییەکان جەخت دەکەنەوە کە ئەوان ناچنە ناو دانوستان بۆ رێککەوتننامەیەکی نوێوە.

وڵاتانی بریتانیا، فەرەنسا و ئه‌ڵمانیا بە بڵاوکردنەوەی راگەیاندراوێك ئێرانیان بە بەرپرسیاری سەرەکیی هێرش بۆ سەر دامەزراوە نەوتییەکانی سعوودیە زانیوە و داوایان لە ئێران کردووە دانوستانی درێژ خایەن لەسەر بەرنامەی ئەتۆمی، ئاسایشی ناوچە و بەرنامە مووشەکییەکانی ئێران قەبووڵ بکات.

راگەیاندراوەکەی وڵاتانی ئەروپا لە لایەن کاربەدەستانی ئێرانەوە کاردانەوەی توندی لێ کەوتەوە و هەر هەمووشیان جەختی دەکەنەوە کە وڵاتەکەیان هیچ دانوستانێکی نوێ لەسەر ئەم بابەتانە قەبووڵ ناکات.

وەزیری دەرەوەی ئێران کە بۆ بەشداری لە کۆبوونەوەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ئەمه‌ریکایه‌ لە تویتێكدا نووسیویەتی: "وڵاتانی ئەوروپا لە ژێر كاریگەری سیاسەتەكانی ئەمه‌ریكان و بە بێ ئیزنی ئەمه‌ریكا ناتوانن بڕیار بدەن، پابەند نەبوون بە بەڵێنەكانیشیان لە بەرانبەر رێككەوتنە ئەتۆمییەكەی ئێران، ئەنجامی دژایەتییەكانی ئەمه‌ریكا و سیاسەتەكانی واشنتن دژ بە ئێرانە".

لە ناوخۆی ئێرانیش سەرۆکی ئەرکانی هێزە چەکدارەکانی ئێران سێ وڵاتە ئەوروپییەکەی بە پشتیوانیکردن لە سەددام و دژایەتیکردنی ئێران تۆمەتبار کرد.

محەمەد باقری سەرۆك ئەركانی ھێزە چەكدارەكانی ئێران ده‌ڵێت: "ھەر ئەو وڵاتە ئەوروپیانە یارمەتی سەدامیان دەدا، بەریتانیا و فەرەنسا چەكیان بە عێراق دەفرۆشت و پشتیوانی سیاسیان لێدەكرد، ھەر ئەڵمانیا بوو چەكی كیمیایان لەدژی ئێران بە عێراق دەدا. ھەر ئەوانە ئێستا پابەندی رێكەوتنی ئەتۆمی نابن و بەڵێنەكان جێبەجێ ناكەن، كەچی بەیاننامە لەدژی ئێران بڵاودەكەنەوە، ئەوانە خۆیان پشتیوانە سەرەكییەكەی پیاوكوژێكی وەكوو سەدام بوون".

لە لایەکی دیکەوە وەزارەتی دەرەوەی ئێرانیش بە بڵاوکردنەوەی راگەیاندراوێك، هەڵوێستی سێ وڵاتە ئەوروپییەکەی بە دووپاتکردنەوەی ویست و داواکارییەکانی ئەمه‌ریكا زانیوە و رایگەیاندووە، هەر لە ساڵی 2018وە دیار بوو کە ئەوروپییەکان بە بێ ئیزنی ئەمه‌ریكاناتوانن بەڵێنەکانی خۆیان جێبەجێ بکەن.

وەزارەتی دەرەی ئێران هاوکات کە داوای لە وڵاتانی ئەروپی کردووە سیاسەتێکی سەربەخۆیان هەبێت، هەر جۆرە دانوستانێکیش لەسەر پرسە ئاماژە پێکراوەکانی رەتکردووەتەوە.

ئ. م