ساڵیادی بڕیاره بوێرانه‌كه‌ی گه‌لی كوردستانه
K24 – هه‌ولێر:
رۆژی7/6/2017 ئه‌نجوومه‌نی باڵای ریفراندۆم پێكهێنرا، زۆرینه‌ی پارته سیاسییه‌كانی كوردستان، به سه‌رپه‌رشتى سه‌رۆك مه‌سعود بارزانى كۆبوونه‌وه و پێكه‌وه رایانگه‌یاند: "كاتی ئه‌وه‌یه گه‌لی كوردستان بڕیار له چاره‌نووسی خۆی بدات، تا بزانرێت سه‌ربه‌خۆیی ده‌وێت، یان دوای ئه‌و هه‌موو نه‌هامه‌تییه‌ی به‌سه‌ریان هێنراوه، ده‌یانه‌وێت له چوارچێوه‌ی عێراقدا بمێننه‌وه".
له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا رۆژی 25/9/2017 وه‌ك رۆژی ئه‌نجامدانی ریفراندۆم دیاریكرا، كۆمیسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردن و راپرسی هه‌رێمی كوردستان ده‌ستی به ئاماده‌كارییه‌كان كرد بۆ ئه‌وه‌ی ریفراندۆم ئه‌نجام بدرێت.
هه‌ر چه‌نده له سه‌ره‌تای بڕیاره‌كه‌وه زۆرێك له وڵاتانی ناوچه‌كه و جیهان و ته‌نانه‌ت به‌رپرسانی حكوومه‌تی عێراقیش باوه‌ڕیان نه‌ده‌كرد كورد هه‌نگاوێكی له‌و شێوه‌یه بنێت، به‌ڵام پرس و باسی ریفراندۆم بووه دۆسێی سه‌ره‌كی میدیاكانی ناوخۆ و عێراق و ناوچه‌كه و جیهان و ئه‌و بڕیاره ناوچه‌كه‌ی هه‌ژاند، چونكه له ماوه‌ی زیاتر له 100 ساڵی رابردوودا كورد توانای هه‌ڵگرتنی هه‌نگاوێكی له‌و شێوه‌یه‌ی بۆ نه‌ڕه‌خسابوو، هه‌ر بۆیه پێیان وابوو ئێستا كاتێكی گونجاوه و ده‌بێت گه‌ل قسه‌ی دڵی خۆی بكات.
عێراق و وڵاتانی دراوسێ و چه‌ند وڵاتێكی دیكه داوای دواخستنی ریفراندۆمه‌كه‌یان ده‌كرد، به‌ڵام ئه‌نجوومه‌نی باڵای ریفراندۆم هیچ جێگره‌وه‌یه‌كی بۆ ریفراندۆم نه‌خرایه به‌رده‌ست و به هیچ یه‌كێك له‌و داواكاریانه قایل نه‌بوو، چونكه كێشه‌كانی هه‌رێم له‌گه‌ڵ حكوومه‌ت و ده‌وڵه‌تی عێراق گه‌یشتبوونه لووتكه و وه‌ك ئه‌وه‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و سه‌ركردایه‌تی سیاسی كوردستان ده‌یانگووت: "به‌غدا باوه‌ڕی به هاوبه‌شی نه‌ماوه و زیاتر له 55 بڕگه و به‌ندی ده‌ستووری پێشێلكردووه، ئه‌گه‌ر نه‌توانین دوو هاوبه‌شی راسته‌قینه بین، باشتره دوو دراوسێی باش بین".
به‌گوێره‌ی قسه‌ی به‌رپرسانی حكوومه‌تی هه‌رێم و وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه، له ماوه‌ی نزیكه‌ی 4 ساڵی جه‌نگی دژی داعشدا، به‌غدا هاوكاریی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستانیشی نه‌كردبوو، ته‌نانه‌ت رێگه‌ی له گه‌یشتنی ئه‌و كۆمه‌ك و چه‌ك و كه‌ره‌سته سه‌ربازیانه‌ش ده‌گرت كه كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی بۆ هێزی پێشمه‌رگه‌یان ده‌نارد. له سه‌ره‌تای ساڵی 2014ـشه‌وه و له سه‌رده‌می فه‌رمانڕه‌وایه‌تی نووری مالیكییه‌وه به‌غدا بوودجه‌ی هه‌رێم و مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستانی بڕیبوو، یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی كێشه‌ی ناوچه كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم هیچ به‌ره‌و‌پێشچوونێكی به‌خۆیه‌وه نه‌بینی بوو، دۆسێی نه‌وت و غاز وه‌ك خۆی مابووه‌وه، ئه‌وه‌ش سه‌ركردایه‌تی كوردستان و حكوومه‌تی هه‌رێمی له به‌غدا زیاتر نا‌ئومێد كردبوو، به‌رپرسانی باڵای كوردستان ئاماژه‌یان به‌وه ده‌كرد، له كاتێكدا كورد به خواستی خۆی له چوارچێوه‌ی عێراقدا ده‌ژی و به‌گوێره‌ی ده‌ستوور خاوه‌نی مافی بڕیاردانی چاره‌نووسی خۆیه‌تی، به‌ڵام پێشێلكردنی مافه‌كانی و پابه‌ندنه‌بوونی به‌غدا به‌ده‌ستووره‌وه، ئه‌و مافه به كورد ده‌دات بیر له بژارده‌یه‌كی دیكه بكاته‌وه‌و گه‌ل بڕیاری خۆی بدات كه چی ده‌وێت؟.
ریفراندۆم ته‌نها درووشم نه‌بوو، رۆژ له دوای رۆژ ئاهه‌نگ و كه‌نه‌ڤاڵی فراوان بۆ ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی له ناوه‌وه و ده‌ره‌وه‌ی كوردستان سازده‌كرا، به‌ڵام هه‌ندێك له‌و لایه‌نانه‌ی له ناو ئه‌نجوومه‌نی باڵای ریفراندۆمدا نوێنه‌ریان هه‌بوو، نه شانیان دایه‌به‌ر بانگه‌شه‌كردن و نه‌وه‌ك پێویست كاریان بۆ سه‌رخستنی پرۆسه‌كه ده‌كرد.
مه‌سعوود بارزانی، ئه‌وكاته سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان بوو، به‌ڵام ئه‌و هه‌ر خۆی به پێشمه‌رگه‌ی رێگای رزگاری و سه‌ربه‌خۆیی كوردستان ده‌زانی، ئه‌ركێكی قورسی به‌ڕێوه ده‌برد، رۆژانه چه‌ندین شاندی ناوخۆیی و ده‌ره‌وه‌ی ده‌بینی و فشاری زۆریان ده‌خسته سه‌ری تا له‌و بڕیاره پاشگه‌زبێته‌وه، له هه‌مان كاتیش‌دا سه‌رقافڵه‌ی بانگه‌شه‌كارانی ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان بوو، ئه‌و نه‌ك ئه‌وكاته، ته‌نانه‌ت له دوایین دیداری پێش ئه‌نجامدانی ریفراندۆمه‌كه‌دا له‌گه‌ڵ كه‌ناڵی جه‌زیره‌ی قه‌ته‌ری كه شه‌وی 23/9/2018 بڵاوكرایه‌وه گووتی: "هه‌ر سوورم له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی گه‌له‌كه‌م مافی بڕیاردان و دیاریكردنی چاره‌نووسی خۆی هه‌یه".
بارزانی له گوتاره‌كانی بانگه‌شه‌ی ریفراندۆم و له‌و دیدارانه‌شی میدیا ناوخۆیی و ناوچه‌یی و نێوده‌وڵه‌تییه‌كان له‌گه‌ڵیان ئه‌نجام ده‌دا ده‌یگووت: "ریفراندۆم مافێكی ره‌وای گه‌لی كوردستانه، مافێكی ئاسایی و یاسایی و دەستووری گەلی كوردستانه. پێشێلكردنی دەستوور، تەوافوق، شەراكەت و نانبڕینی خەڵكی كوردستان بوو، كە هانی گەلی كوردستانیدا، ڕیفراندۆم ئەنجام بدات، ئەگەر دەستوور جێبەجێ كرابا هەرگیز عێراق بەو ڕۆژەی ئێستا نەدەگەییشت".
ریفراندۆمه‌كه له‌ناو كوردانی ناوخۆی هه‌رێمی كوردستان و ده‌ره‌وه‌ی كوردستان و پارچه‌كانی دیكه‌شدا پاڵپشتییه‌كی گه‌وره‌ی لێكرا، ده‌یان ئاهه‌نگ و كه‌رنه‌ڤاڵی مه‌زن سازكران، چه‌ندین كۆڕ و كۆبوونه‌وه به‌ڕێوه‌چوون، بۆ كورد ده‌رفه‌تی گوزارشت له خۆكردن بۆ مافه‌كانی وه‌ك هه‌لی مێژووی بوو، به‌ڵام به‌غدا به قۆستنه‌وه‌ی لاوازیی ده‌وڵه‌تی عێراق به‌هۆی شه‌ڕی 4 ساڵه‌ی داعش كوردی تۆمه‌تبار ده‌كرد، بۆ ئه‌وه‌ی ریگه له ریفراندۆم بگرێت هه‌ڕه‌شه‌ی زۆری له خه‌ڵكی كوردستان كرد، له‌گه‌ڵ ئێران و توركیا چه‌ندین دیدار و كۆبوونه‌وه و رێككه‌وتنی ژێربه‌ژێری كرد، هه‌ڕه‌شه‌ی سنوورداخستن و په‌لاماری سه‌ربازیش به گوێ هه‌رێمی كوردستاندا درا تا له ئه‌نجامدانی پاشگه‌زببنه‌وه، به‌ڵام به‌هۆی ئه‌وه‌ی جێگره‌وه‌یه‌ك بۆ ریفراندۆم یان گه‌ره‌نتییه‌كی نێوده‌وڵه‌تی بۆ دیاریكردنی واده‌یه‌كی دیكه و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان له‌گه‌ڵ به‌غدا نه‌خرایه به‌رده‌ستی كورد، سه‌رۆك بارزانی پاش كۆبوونه‌وه‌كانی ئه‌نجوومه‌نی باڵای ریفراندۆم رایگه‌یاند: "ریفراندۆم دواناخرێت و چی ده‌بێت با ببێت".
سه‌رله‌به‌یانی رۆژی 25/9/2017، دوو ساڵ پێش ئێستا بۆ خه‌ڵكی كوردستان وه‌ك جه‌ژنێكی نه‌ته‌وه‌یی بوو، ئه‌وان تازه له مه‌ترسی داعش دووركه‌وتبوونه‌وه‌و به ئومێدێكی گه‌وره‌وه به‌ره‌و سندووقه‌كان رۆیشتن تا وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره بده‌نه‌وه، ئایا ده‌یانه‌وێت سه‌ربه‌خۆبن، یان له‌گه‌ڵ عێراق بمێننه‌وه، به‌ڵام دواجار نزیكه‌ی 93% دانیشتوانی هه‌رێمی كوردستان و ناوچه كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم و كوردانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان به به‌ڵێ ده‌نگیان بۆ سه‌ربه‌خۆیی دا. به‌گوێره‌ی رای چاودێرانی نێوده‌وڵه‌تی، ریفراندۆمه‌كه به‌پێی پێوه‌ره نێوده‌وڵه‌تییه‌كان به‌ڕێوه‌چوو. بێرنار هێنری-لێڤی فه‌یله‌سوفی ناسراوی فه‌ره‌نسی و چاودێره نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی دیكه، پاش ده‌رچوونی ده‌ره‌نجامه‌كان له پرێس كۆنفرانسێكدا خاوێنی پرۆسه‌كه‌یان بۆ جیهان خسته‌ڕوو.
به‌ڵام فشاره‌كانی سه‌ر هه‌رێمی كوردستان زیاتر و هه‌ڕه‌شه‌كانی سه‌ر كیانی هه‌رێم زۆرتر بوون، عێراق و وڵاتانی ناوچه‌كه سوپای هاوبه‌شیان له سنووره‌كانی هه‌رێم كۆكرده‌وه‌و ده‌ستیان به مانۆڕی سه‌ربازی و خۆنمایشكردن كرد، هه‌ڕه‌شه‌ی برسیكردن و پاشانیش بڕیاره‌كانی په‌رله‌مانی عێراق به‌سه‌ر هه‌رێمدا سه‌پێنرا و گه‌لی كوردستان سزادرا، گه‌شتی فڕۆكه‌خانه‌كانى هه‌رێم راگیران و به‌غدا چه‌ندین رێوشوێنی دژی خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان گرته‌به‌ر، به‌ڵام سه‌ركردایه‌تی كوردستان نه‌چووه ژێر باری ئه‌و فشارانه و ئاماده‌نه‌بوو ده‌ره‌نجامی ریفراندۆمه‌كه هه‌ڵبوه‌شێننه‌وه، هه‌رچه‌نده به‌رده‌وام ده‌یانگووت، رۆژێك پاش ریفراندۆم ده‌وڵه‌ت راناگه‌یه‌نرێت".