هه‌ڵه‌كانی پاش ڕیفراندۆم!
ئێمه هێشتا ڕقمان له‌وانه‌یه كه وتیان نه‌خێر، هه‌موو ئه‌وانه‌ش ڕقیان له ئێمه‌یه كه وتمان به‌ڵێ. هێشتا ئێمه‌ی به‌ره‌ی (به‌ڵێ و نه‌خێر)ـی ڕیفراندۆم، پێكه‌وه ئاشتنه‌بووینه‌ته‌وه، ده‌یان جار له‌گه‌ڵ حه‌شدی شه‌عبیدا دانیشتین و له‌گه‌ڵ خۆمان نا! چووینه‌وه به‌غدا و نه‌هاتینه‌وه لای یه‌ك!
پاش دوو ساڵی ڕیفراندۆم، هێشتا ئازاری ده‌روونیی یه‌كتر ده‌ده‌ین! هێشتا قسه‌مان له‌وه نه‌كردووه كه حه‌شدی شه‌عبی بۆی هه‌یه به تانكه‌وه بۆمان بێت؟ عه‌ره‌به‌كان مافی ئه‌وه‌یان هه‌یه بمانكوژن؟ بیرمان نییه دوژمنه‌كه كێیه؟ هه‌ر له ڕقی یه‌كتریدا رۆچووین و تانه له به‌ڵێ و نه‌خێری دوو ساڵی ڕابردووی یه‌كدی ده‌ده‌ین!
ده‌ركه‌وت، هه‌موو شتێكی ئه‌م وڵاته باشه، ته‌نیا مرۆڤه‌كانی نه‌بێت، چاوچنۆك و بێ خه‌من، شه‌ڕه‌نگێز و هه‌میشه ده‌ستیان له یه‌خه و قورتوومی یه‌كتریدایه، ئه‌م كوردستانه به ده‌ست سویدییه‌كانه‌وه بووایه، ده‌یانكرده شتێكی تر، سویدیش به ده‌ست ئێمه‌وه بووایه ده‌مانكرده ئێره!
گه‌رچی ڕه‌خنه‌ی زۆریشی له‌سه‌ر هه‌بێت، به‌ڵام هێشتا ئاواش ئه‌م میلله‌ته له‌باره هه‌موو شتێكی باشی لێ دروست بكه‌یت! مرۆڤه‌كان له‌و كاتانه‌دا تاقیناكرێنه‌وه كه برسین، بێ پاره و بێ كار و بێ جێن، به بازارێكدا بڕۆیت و حه‌زت له له‌فه‌یه‌ك بێت و پاره‌ت پێ نه‌بێت بیكڕیت و بیخۆیت، به‌های نیشتمان ده‌كه‌وێته ژێر پرسیاره‌وه!
ده‌ی ئێمه له‌و په‌ڕی برسێتی و بێ مووچه‌ییشدا تاقیمان كردنه‌وه، هێشتا دوكه‌ڵ و ته‌پوتۆزی شه‌ڕی داعش نه نیشتبووه‌وه، هانمان دان بڵێن به‌ڵێ، ده‌ی وتیان! ئێمه هه‌ركه‌سێكمان بینی، سواری ئه‌سپه‌شێی ناسیۆنالیزممان كرد، به خه‌یاڵی ده‌وڵه‌تێكی زل و زه‌نگۆڵه‌وه هانماندا بۆ به‌ڵێ، ئێ وتیان!
هه‌ڵه‌ی ڕیفراندۆم ته‌نیا ئه‌وه‌بوو، له قۆناغی یه‌كه‌مدا بوو به ناكۆكی نێوان كوردێك و كوردێكی تر، خۆی ڕیفراندۆم بۆ ئه‌وه‌بوو كه‌تێكڕای گه‌لانی كوردستان به جیهان بڵێن ده‌وڵه‌تمان ده‌وێت، به‌ڵام سه‌ره‌تا و پێش جیهان، ده‌بوو به یه‌كتری بڵێن و یه‌كدی ڕازی بكه‌ن، ئه‌وانه‌ی باوه‌ڕیان به به‌ڵێ بوو، كۆڵان به كۆڵان به دوای كوردێكدا ده‌گه‌ڕان تا ڕازی بكه‌ن به‌ڵكه خودا بكات ئه‌ویش بڵێت به‌ڵێ!
ئه‌وجا پاش دووساڵ، شه‌رمه له به‌ڵێی خۆت په‌شیمان ده‌بیته‌وه، هه‌رچی بێت و هه‌رچۆن بێت، مرۆڤی ژیر، باوه‌ڕه‌كانی خۆی له‌سه‌ر شكست و سه‌ركه‌وتن ناگۆڕێت، مادام كرۆكی كاره‌كه ماف و ئاره‌زووه‌كانی بێت، ئیدی شكستی هێنا بێت یان نا، ئه‌سڵی حه‌قانییه‌تی كاره‌كه ئاڵوگۆڕی به‌سه‌ردا نایه‌ت. خۆ كاتێك موسوڵمانه‌كان له جه‌نگی ئوحدا ده‌شكێن، له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی مادام شكاون، له دینی ئیسلام هه‌ڵناگه‌ڕێنه‌وه؟! چونكه ئه‌سڵه‌ن خودا و جه‌نگ له پێناویدا به شێك بووه له باوه‌ڕه ڕه‌هاكانی موسوڵمانان، خۆ كاتێك گالیلۆ ده‌هێنن تا بیسووتێنن، تیۆره‌كه‌ی (سوڕانه‌وه‌ی زه‌وی به‌ده‌وری خۆردا) هه‌ڵه نه‌بووه، ئه‌سڵی كاره‌كه هه‌ر ڕاست بووه، ده‌ی با هه‌لومه‌رجه‌كه‌ش له‌بارنه‌بووبێت بۆ گالیلۆ! ڕیفراندۆمیش كاتی بووبێت یان نا، حه‌قیقه‌تێك بووه بۆ نه‌ته‌وه‌یه‌ك، ده‌بوو بكرێ و كرا!
ئه‌گه‌ر ڕیفراندۆم ده‌وڵه‌تیشی پێ دروست نه‌كرابێت، مرۆڤی بۆ ده‌وڵه‌ت دروست كرد، ئێمه مادام پاش دوو ساڵ له ڕیفراندۆم، ده‌وڵه‌تمان بۆ ئه‌م مرۆڤانه پێ دروست نه‌كرا كه وتیان به‌ڵێ، ده‌ی با به‌رده‌وامبین له‌وه‌ی زۆرترین مرۆڤ بۆ ده‌وڵه‌ته‌كه‌ی ئاینده دروست بكه‌ین!
كورد نه‌ته‌وه‌یه‌كی نه‌ژادپه‌رست نییه، به‌ڵام بژارده‌كانی به‌رده‌می كه‌من، یان سه‌رشۆڕبه یان بمره، ده‌ی مادام هه‌ر كوشتن و له‌ناوبردنه، بۆچی ده‌ته‌وێت ئه‌م نه‌ته‌وه‌یه هه‌میشه سته‌ملێكراوه‌كه بێت؟