ئەمەریکا ئامادەیە هاوکاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان بکات بە تایبەتی لە سیستەمی بانکیدا

مەسرور بارزانی: گفتوگۆکانمان لەگەڵ بەغدا بەردەوامه‌ و بە باشی بەڕێوەدەچن
kurdistan24.net

K24 - هه‌ولێر:

ئەمڕۆ چوارشەممە 2019/9/25 مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی کرد لە مارشال  بيلينگسلى، ياريده‌ده‌رى وه‌زيرى گه‌نجينه‌ى ئه‌مه‌ريكا تایبەت بە رووبەڕووبوونەوەی پارەدارکردنی تیرۆر.

لە دیدارێکدا، کە ستیڤن فەیگن، کۆنسوڵی گشتی ئەمەریکا لە هەولێر ئامادەی بوو، یاریدەردەری وەزیری گەنجینەی ئەمەریکا ئاماژەی بەوەکرد، کە هەرێمی کوردستان لە گەشەکردنێکی بەردەوامدایە و ویلایه‌تە یەکگرتووەکانی ئەمەریکاش ئامادەیە پشتگیریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بکات، بەتایبەتیش لە بواری رێکخستنەوە و پەرەپێدانی سیستەمی بانکی.

جەختیشی لە گرنگی بەردەوامبوونی هاوکاریکردن و چاکسازیکردن لە هێزەکانی پێشمەرگەدا کرده‌وه‌.

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، تیشکی خستە سەر کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەتایبەتی لە بواری ئابووری، کە ئامانجی ئەوەیە ئابووری هەرێمی کوردستان هەمەچەشن بکرێت و تەنیا پشت بە یەك سەرچاوەی داهات نەبەسترێت.

لە بارەی پرۆسەی گفتوگۆ لەگەڵ حکوومەتی فیدرالیش روونیکردەوە، کە گفتوکۆکان لە سەر چەند ئاستێك بەردەوامن و بە باشی بەڕێوەدەچن، بەو ئومێدەی بگەینە رێککەوتنێك کە مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان پارێزراوبن.

دووپاتیشی کردەوە کە دەبێ وەك هەرێمێکی فیدراڵی دانپێدانراو لە دەستوور، مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستان بکرێت.

ئ. م