ئۆسلۆ.. یادی ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان ده‌كرێته‌وه
K24 - ئۆسلۆ:
له به‌رده‌م په‌رله‌مانی نه‌رویجی له ئۆسلۆی پایته‌خت، كوردستانیانی ئه‌و وڵاته، یادی دووه‌م ساڵه‌ی ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی كوردستانیان كرده‌وه.
ساڵیاده‌كه به ئاماده‌كاری فیدراسیۆنی كۆمه‌ڵه كوردییه‌كانی ئۆسلۆ، بۆ پیرۆزكردن و یادكردنه‌وه‌ی ئه‌و سه‌ركه‌وتنه گه‌وره‌یه رێكخرابوو.
رودی ئیلگه‌ن، سه‌رپه‌رشتیاری رێوڕه‌سمه‌كه، به كوردستان 24ی راگه‌یاند، وه‌ك چۆن هه‌مووان به دڵ له‌گه‌ڵ ریفراندۆمدا بوون و كاریان بۆ كرد، هه‌رواش ساڵانه یادی ئه‌و سه‌ركه‌وتنه ده‌كه‌نه‌وه.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، ئه‌نجامدانی ریفراندۆم به ده‌ستكه‌وتێكی گه‌وره ده‌زانن بۆ داهاتووی كوردستان و بۆ نه‌وه‌ی داهاتووش، وه‌ك گه‌ره‌نتییه‌كه.
دوو ساڵ به‌ر له ئێستا، ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان، له ته‌واوی شار و شارۆچكه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، به ته‌واوی ناوچه كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێمیش ئه‌نجامدرا، تێیدا به‌شداربووان، به رێژه‌ی نزیكه‌ی 93%، به به‌ڵێ ده‌نگیان بۆ سه‌ربه‌خۆیی كوردستان دا.
ریفراندۆم، به یه‌كه‌م هه‌نگاوی گشتگیری و كرداری داده‌نرێت، به ئاراسته‌ی سه‌ربه‌خۆیی كه كورد زیاتر له 100 ساڵه خه‌باتی بۆ ده‌كات.
ئ. م