پەرلەمانی عێراق گفتوگۆ لەسەر پڕۆژەی بودجەی ساڵی 2020 دەکات

جارێکی دیکە دیاریکردنی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان دەنگی لەسەر دەدرێت

K24 – هه‌ولێر:

سەرەتای مانگی داھاتوو لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق گفتوگۆ لەسەر پڕۆژە بودجەی ساڵی 2020 دەكرێت، دیارکردنی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستانیش جارێکی دیکە دەبێتەوە جێی دانوستان و مشتومڕ.

بەشێك لە پەرلەمانتارەكانی عێراق دەڵێن پێویستە ناكۆكییەكان چارەسەر بكرێن و دەست بە بنیاتنانەوەی وڵات بكرێت، بەشێکی دیکەش دژی دابینکردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان دەوەستنەوە.

کازم ئەلسەیادی، پەرلەمانتاری پەرلەمانی عێراق، دەڵێت: "دەبێت بودجە لە دەستی ناکۆکییەکان رزگار بکرێت و نابێت لەسەر بنەمای نەتەوەیی و مەزهەبی بڕیاری لەسەر بدرێت".

ئەلسەیادی پێچه‌وانەی ویستی کورد، داوا دەکات بەغدا مامەڵە لەگەڵ هەرێم نەکات.

ئەندام پەرلەمانێکی دیکە بە ناوی ستار ئەلجابری پێی وایە، دەبێت بودجە بە شێوەیەک دابەش بکرێت کە هەموو وڵات بە یەکسانیی سوودی لێ ببینێت.

هەرچی لایەنە کوردییەکانن، رێککەوتنی پێشەوەختە دەکەن و دەیانەوێت بە رێککەوتن پشکی هەرێمی کوردستان لە بەغدا جێگیر بکەن.

رەتیش دەکەنەوە، بەغدا لەگەڵ پارێزگاکان مامەڵە بکات، چونکە حکوومەتی هەرێمی کوردستان خاوەنی چەند وەزارەتێکی خۆیەتی و لەو رێگایەوە خزمەت بە هاووڵاتیان دەکات.

H.J