له‌ بناری قه‌ندیل دوو منداڵ له‌ ئاكامی بۆردومانی فڕۆكه‌كانی توركیا بریندار بوون

له‌ شه‌و و رۆژێكدا پێنج هاووڵاتی بریندار بوون

K24 – رانیه‌:

له‌ 24 كاتژمێری رابردوودا دوو منداڵ و سێ هاووڵاتی له‌ بناری قه‌ندیل بریندار بوون، له‌ ئاكامی بۆردومانی چڕی فڕۆكه‌كانی توركیا بۆ سه‌ر گوندی زێوكه‌ی بناره‌كه‌ و به‌و هۆیه‌شه‌وه‌ گونده‌كه‌ چۆڵكرا.

گوندی زێوكه‌ ده‌كه‌وێته‌ سنووری ناحیه‌ی ژاراوه‌ی سه‌ر به‌ قه‌زای پشده‌ر.

شه‌وی رابردوو و ئه‌مڕۆ فڕۆكه‌كانی توركیا دوو جار به‌ چڕی گونده‌كه‌یان بۆردومان كرد.

یوسف خدر عەبدوڵڵا دانیشتوی گوندی زێوکە بە کوردستان24ی راگەیاند، ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ جارێكی دیكه‌، فڕۆكه‌كانی توركیا  گەڕاونەتەوە ئاسمانی بناری قه‌ندیل و گوندی زێوکەیان بۆردوومان کردووه‌تەوە.

بۆردومانەکە دوای ئه‌وه‌ دێت، كه‌ شەوی رابردوو فڕۆکەكانی تورکیا ئەو گوندەیان بۆردومان کرد و بەو هۆیەوە سێ هاووڵاتی گوندی زێوکە بریندار بوون.

ئاماژەی بەوەش کرد، گوندنشینان لەترسی بۆردوومانەکان بە تەواوی گوندەکەیان چۆڵکردووە و پەرتەوازەی ناوچەکانی تر بوون و ماڵ و حاڵیان بەجێ هێشتووە.