ئه‌ردۆغان: گوێ به‌ سزای ئه‌مه‌ریكا ناده‌ین و نه‌وتی ئێران ده‌كڕین

ئه‌نقه‌ره‌ ناترسێت

K24 – هه‌ولێر:

سه‌رۆكی توركیا، ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان رایگه‌یاند، ئه‌سته‌مه‌ توركیا ده‌ستبه‌رداری كڕینی نه‌وت و غازی ئێران ببێت.

له‌ لێدوانێكدا بۆ رۆژنامه‌نووسیان، كه‌ كه‌ناڵی ته‌له‌ڤزیۆنی ئێن تی ڤی گواستییه‌وه‌، سه‌رۆكی توركیا، ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان ئه‌مڕۆ هه‌ینی گوتی: توركیا له‌ سزاكانی ئه‌مه‌ریكا بۆ سه‌ر وڵاته‌كه‌ی ناترسێت و ئه‌نقه‌ره‌ نایه‌وێت هه‌ماهه‌نگی و هاوكارییه‌كانی له‌گه‌ڵ كۆماری ئیسلامی ئێران رابگرێت.

ساڵی رابردوو، دۆناڵد تره‌مپی سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا، یه‌كلایه‌نه‌ له‌و رێككه‌وتنه‌ ناووكییه‌ كشایه‌وه‌، كه‌ وڵاتانی ئه‌ڵمانیا، رووسیا، فه‌ره‌نسا، به‌ریتانیا و ئه‌مه‌ریكا له‌گه‌ڵ ئێران له‌ ته‌مموز/ یۆلیۆی 2015 واژوویان كردبوو و ژماره‌یه‌ك سزای ئابووری به‌سه‌ر ئێراندا سه‌پاند.

ئه‌مه‌ریكا فشاری خستووه‌ته‌ سه‌ر كڕیارانی نه‌وتی ئێران و داوایكردووه‌ نه‌وت له‌ تاران نه‌كڕن، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ رووبه‌ڕووی سزای دارایی و ئابووری واشنتن ده‌بنه‌وه‌.

پێشتریش وه‌زیری وزه‌ی توركیا، فاتح دونمیز رایگه‌یاندبوو، ئه‌نقه‌ره‌ به‌رده‌وام ده‌بێت له‌ كڕینی نه‌وت و غازی ئێران.