وهزارهتی ئهوقاف كاروباری مزگهوتهكان رێكدهخاتهوه
K24 - ههولێر:
وەزارەتی ئەوقاف دەستی به رێکخستنەوەی کاروباری مزگەوتەکان کردووە بۆ چوار ساڵی ئایندە و بۆ ئەو مەبەستەش لیژنەیەکی پێکھێناوە بۆ جێبەجێکردنی کاروبارەکان.
وەزارەتی ئەوقاف لە ڕێگەی فۆڕمێکەوە کە دابەشی سەر بە مزگەوتەکانی ھەرێمی كوردستانی دەكات ھەوڵی ڕێکخستنەوەی کاروباری مزگەوتەکان و وتاری ھەینی دەدات و لیژنەیەکی پێکھێناوە بە ھاوبەشی لەگەڵ یەکێتی زانایانی ئیسلامی كوردستان, بۆ جێبەجێکردنی ئەو گۆڕانکاريیانەی کە وەزارەت بۆ چوار ساڵی ئایندە دەیكات.
سەرۆکی لژنەی ڕێکخستنەوەی کاروباری مزگەوتەکان لە وەزارەتی ئەوقاف دەڵێت: "ساڵی 2016 لە کۆنفڕانسی ڕێکخستنەوەی وتاری ئايینی لە سەر 16 خاڵ ڕێککەوتوون لەگەڵ مامۆستایانی ئایینی, ئێستا کار بۆ جێبەجێکردنیان دەکەين".
یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان لەگەڵ ئەوەی پێیوایە نابێت ئەو مزگەوتانە کەم بکرێتەوە کە وتاری ئاینیان تێدا دەخوێنرێت، بەڵام بە گرنگی دەزانێت کاروباری مزگەوتەکان ڕێکبخرێتەوە لە بەڕێوهبردن و کارگێڕی و پاکوخاوێنیدا.
سەرۆکی یەكێتی زانایانی ئیسلامی كوردستان دەڵێت: "ھەماھەنگی تەواومان لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار ھەیە بۆ رێكخستنەوەی كاروباری مزگەوتەكان".
وەزارەتی ئەوقاف تا ئێستا چەند ڕێکارێکی گرتووەتە بەر بۆ رێکخستنەوەی مزگەوتەکان و وتاری ئایینی، لەوانە دیاریکردنی کاتی وتاری ئایینی لە 20 خوولهك تێپەڕنەکات، ھەروەھا دیاریکردنی ناونیشانی وتاری ھەینی بۆ مامۆستایان، ئێستاش لە گفتوگۆدایە لەگەڵ مامۆستایانی ئایینی بۆ دیاریکردنی میکانیزمێك بۆ دیاریكردنی مزگەوتەکان بۆ وتاری ھەینی و جێبەجێکردنی ئەو خاڵانەی لە 2016 لە کۆنفرانسی وتاری ئایینی دەرچووە.
ئ. م