سه‌رۆك بارزانی: رادیۆی ده‌نگی كوردستان وه‌رچه‌رخانێك بوو لە خەباتی رزگاریخوازی گەلەكەمان

سه‌رۆك بارزانی به‌بۆنه‌ی 56 ساڵه‌ی دامه‌زراندنی رادیۆی ده‌نگی كوردستان په‌یامێكی بڵاوكرده‌وه‌

K24 - هه‌ولێر:

سه‌رۆك بارزانی، به‌ بۆنه‌ی یادی 56ه‌مین ساڵه‌ی دامه‌زراندنی رادیۆی ده‌نگی كوردستانی عێراق، په‌یامێكی پیرۆزبایی بڵاوكرده‌وه‌ و رایگه‌یاند، رادیۆی دەنگی كوردستان وەرچەرخانێك بوو لە خەباتی رزگاریخوازی گەلەكەمان و پردێكی پتەو بوو لە نێوان شۆڕش و خەڵك و پێشمەرگە و جەماوەری كوردستان.

له‌ به‌شێكی په‌یامه‌كه‌دا، سه‌رۆك بارزانی پیرۆزبایی له‌وانه‌ ده‌كات كه‌ له‌ رادیۆكه‌دا كاریان كردووه‌ و ده‌ڵێت: "پیرۆزبایی له‌ هەموو ئەو خەباتگێڕ و تێكۆشەرانە دەكەم كە لەماوەی كاركردنی رادیۆی دەنگی كوردستان زەحمەتیان كێشاوە و دەنگی زوڵاڵی شۆڕش و پێشمەرگەیان بە خەڵكی كوردستان و جیهان گەیاندووە".

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی په‌یامه‌كه‌ی سه‌رۆك بارزانی هاتووه‌: "رادیۆكه‌ لە هەموو قۆناغەكانیشدا ئامرازی بەهێزی هۆشیاركردنەوەی خەڵك و بەرگریكاری مافە رەواكانی گەلی كوردستان بووە".

ده‌قی په‌یامه‌كه‌ی سه‌رۆك بارزانی:

"بروسكەی پیرۆزبایی سەرۆك بارزانی لە ساڵیادی دامەزراندنی دەنگی كوردستان

بەڕێزان بەڕێوەبەر و ستافی رادیۆی دەنگی كوردستان

بەبۆنەی پەنجا و شەشەمین ساڵیادی دەستپێكی پەخشی دەنگی كوردستانی عێراق، پیرۆزبایی خۆم ئاراستەی ئێوەی بەڕێز و هەموو ئەو خەباتگێڕ و تێكۆشەرانە دەكەم كە لەماوەی كاركردنی رادیۆی دەنگی كوردستان زەحمەتیان كێشاوە و دەنگی زوڵاڵی شۆڕش و پێشمەرگەیان بە خەڵكی كوردستان و جیهان گەیاندووە.

رادیۆی دەنگی كوردستان وەرچەرخانێك بوو لە خەباتی رزگاریخوازی گەلەكەمان و پردێكی پتەو لەنێوان شۆڕش و خەڵك بوو و، بۆ پێشمەرگە و جەماوەری كوردستان. هەردەم مایەی ئومێد و ورەبەرزی بووە رادیۆی دەنگی كوردستان. لە هەموو قۆناغەكانیشدا ئامرازی بەهێزی هۆشیاركردنەوەی خەڵك و بەرگریكاری مافە رەواكانی گەلی كوردستان بووە.

لەو یادە پیرۆزەدا ئەو چاوەڕوانییە لە ئێوەی بەڕێز و خۆشەویست هەیە كە بە گوڕ و تینی زیاتر بەردەوام بن لە گەیاندنی پەیامی ئازادیخوازی و پێكەوەژیان و ئاوەدانیی پارتی دیموكراتی كوردستان و لە هەمانكاتیشدا هۆكارێك بن بۆ پێدانی هۆشیاری و بەرچاوڕوونی بۆ خەڵك و بە تایبەت جیلی نوێ و پتەوتركردنی هەستی نیشتیمانپەروەری و خزمەتكردنی وڵات.

هیوای سەركەوتن و بەردەوامیتان بۆ دەخوازم و بمێنن بۆ كورد و كوردستان

مسعود بارزانی

28ـی 9ـی 2019"