لە باتمان گۆرانی کوردی قەدەخە دەكرێت
K24 - ھەولێر
هونەرمەندی کورد دۆدان ئۆزەر، لەکاتی پێشکەشکردنی کۆنسێرتێک لە کافتریایەکی شاری باتمان-ی باكووری كوردستان، هێزەکانی ئاسایش بەسەر کافتریاکەیان داداوە و کۆتاییان بە کۆنسێرتەکە هێناوە.
بە گوێرەی چەند میدیایەكی تورکیا، هێزەکانی ئاسایشی باتمان مایکرۆفۆنیان لە دەستی هونەمەرمەند دۆدان ئۆزەر دەرهێناوە و رێگەیان نەداوە گۆرانی بە زمانی کوردی بڵێت و پێیان گوتووە گۆرانی گوتن بە زمانی کوردی لە تورکیا قەدەخەیە.
سەزگین تانرکولو، پەرلەمانتاری جەهەپەش ناڕەزایەتی خۆی لەبەرامبەر مامەڵەی هێزەکانی ئاسایش دەربڕیوە و رایگەیاندووە، ئەو گۆرانیەی کە لە باتمان قەدەخە کراوە لەسەر کورسییەکانی نێو پەرلەمانی تورکیا گوێی لێدەگیرێت.
پێشتر گۆرانیەکەی هونەرمەند دۆدان ئۆزەر، لە پێشبڕکێیەکی هونەریدا لەسەر ئاستی تورکیا پلەی یەکەمی بە دەستهێنابوو.
ھ.م