هه‌ولێر و به‌غدا هه‌وڵ ده‌ده‌ن له‌ به‌رژه‌وه‌ندی هه‌ردوولا رێكبكەون

داتا و زانیاری له‌باره‌ی پرسی نەوت ئاڵوگۆڕ دەکەن
kurdistan24.net

K24- هه‌ولێر:

گفتوگۆکانی نێوان هەولێر و بەغدا بە مەبەستی چارەسەرکردنی کێشەکان و جێگیرکردنی پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی 2020 بەردەوامن.

سەركۆ ئازاد، بڕیارده‌ری لێژنەی وزە و سامانە سروشتییەکان له‌ پەرلەمانی کوردستان دەڵێ: بە مەبەستی دروستکردنی بۆچوونێکی هاوبەش و چارەسەرکردنی کێشەکان" لێژنەکەیان بانگهێشتی لێژنەی نەوت و وزەی پەرلەمانی عێراقی کردووە و هەردوولا داتا و زانیاری له‌باره‌ی پرسی نەوت ئاڵوگۆڕ دەکەن.

له‌كاتێكیشدا ھەولێر و بەغدا لە ھەوڵدان بەر لە ئامادەكردنی پرۆژەیاسای بوودجەی ساڵی 2020 ی عێراق، لەسەر پرسی نەوت و بەشە بودجەی ھەرێمی كوردستان له‌ به‌رژه‌وه‌ندی هه‌ردوولا رێكبكەون و گفتوگۆكان بۆ ئەم مەبەستە بەردەوامن، گۆڤه‌ند شێروانی، پسپۆڕی نەوتیش دەڵێت: رێككەوتنە تەكنیكییەكان ھێندەی رێكەوتنە سیاسییەكان گرنگن، چونكە زۆر جار بەھۆی كێشەی تەكنیكیەوە، رێككەوتنەكان جێبەجێ ناكرێن.

لە بودجەی گشتی 2019 ی عێراق، ناردنی بودجەی تەواوی ھەرێمی كوردستان لەلایەن بەغداوە په‌یوه‌ستكراوه‌ بە رادەستكردنی 250 ھەزار بەرمیل نەوت بە بەغدا لەلایەن ھەولێرەوە، بەڵام مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی كوردستان لە ناو یاسای بودجە جێگیركراوه‌ و خراوه‌ته‌وه‌ دەرەوەی رێككەوتنە سیاسییەكان.

H.B