ئێران و حەشد رەتیدەكەنەوە لە ھێرشەكانی سەر ئارامكۆ بەشدار بووبن

"ئەو تۆمەتانە دوورن لە راستییەوە، حەشد لە دەرەوەی عێراق ھیچ رۆڵێکی نییە"
kurdistan24.net

K24 - بەغدا

بەرپرسێکی وەزارەتی دەرەوەی ئێران بە کوردستان24ی راگەیاند، بە ھیچ شێوەیەك وڵاتەکەی لەو ھێرشانە بەشدار نییە کە کرایە سەر دامەزراوەی نەوتی ئارامکۆ و رەتیشیکردەوە ھێرشەکان لە عێراقەوە ئەنجامدرابن.

روونکردنەوەی بەرپرسە ئێرانییەکە دوای ئەوە دێت، کە ھێزەکانی حەشدی شەعبی تۆمەتبار دەکرێن بەوەی كە بە فەرمانی ئێران ھێرش دەکەنە سەر ئارامکۆ و باڵیۆزخانەی ئەمەریکا، بەڵام حەشدی شەعبی ئەو تۆمەتانە بە تەڵە دەزانێت.

دوای ھێرشکردنە سەر دامەزراوەی نەوتی ئارامکۆ، ئێستا لە ھەمووکات زیاتر باس لە رۆڵی حەشدی شەعبی دەکرێت، ئەو ھێزەی بە ئەنجامدانی ھێرشەکە تۆمەتبار دەکرێت و دەگوترێت کە بە فەرمانی ئێران لەپشت ئەو ھێرشانەوەیە، کە ھەندێکجار دەکرێنە سەر باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە بەغدا و ھەندێ جاریش دەکرێنە سەر وڵاتانی دراوسێی عێراق، بەڵام سەرکردەکانی حەشد ئەو تۆمەتانە رەتدەکەنەوە و پێیانوایە ئەوە تەڵەیە بۆ ئەوان.

ئەوس ئەلخەفاجی، سەرکردە لە حەشدی شەعبی بە كوردستان24ی گوت: "ئەو تۆمەتانە دوورن لە راستییەوە، حەشد لە دەرەوەی عێراق ھیچ رۆڵێکی نییە، حەشد بەشێکە لە ھێزە چەکدارەکانی عێراق و نە بەشداریی ھێرشی ئارامکۆ بووە و نە دژ بە باڵیۆزخانەی ئەمەریکا چالاکی ئەنجامداوە،  ئەوەی ئارامکۆ حوسییەکان کردیان ئەوەی باڵیۆزخانەش گومانمان ھەیە لەوەی ھەر ئەنجامدرابێت، پێمانوایە ئەوە تەڵەیە بۆ ئێمە".

ئێران نایشارێتەوە کە لەگەڵ سعودییەدا لە حاڵەتی دوژمنایەتیدان بۆ ئەمەش سعودیە بە خەتابار دەزانێت.

سەعید خەتیبزادە، بەرپرسی بەشی لێکۆڵینەوە لە وەزارەتی دەرەوەی ئێران، بۆ كوردستان24 گوتی: "ئاسانە خەڵک تۆمەتبار بکەیت، بەڵام پێویستە سعودییە بەڵگە بخاتەڕوو، ئێمە وەک ئێران دەمانەوێ عێراق لەوپەڕی بەھێزیدا بێت، نامانەوێ لە عێراقەوە لێپێچینەوە لەگەڵ کەس بکەین، لە رۆژانی رابردوودا سعوودیە بۆی دەرکەوت کە ناتوانێ بە چەک بەرگریی لە خۆی بکا. بڕوانن چەند یەمەنییەکی لاواز لە رووی سەربازییەوە چیان لە سعوودیە کرد".

گوتیشی: "ئێران مافی خۆیەتی بەرگری لە خۆی بکات ئێمە بیرمان نەچووەتەوە بەپارەی سعوودیە سەدام چەکی کیمیاوی دەكڕی و لە دژی ئێمە بەکاری دەھێنا".

ھ.م