هه‌ولێر و به‌غدا له‌ رێككه‌وتن نزیكن

"به‌ یاسایه‌ك له‌ په‌رله‌مانی عێراق كێشه‌ی هه‌ولێر و به‌غدا كۆتایی دێت"
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

ئەندامێكی لیژنەی وزە و سامانە سرووشتییەكانی لە پەرلەمانی عێراق ئاشكرای دەكات كە لێك نزیكبوونەوەیەك ھەیە لە نێوان ھەولێر و بەغدا، لەسەر دەرچوونی یاسای نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق، دەرچوونی یاسای نەوت و گاز لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە ساڵی 2007 و 2011 ھەوڵی بۆ درا، بەڵام ھەوڵەكان شكستیان ھێنا، لەكاتێكدا بەپێی قسەی شارەزایان دەرچوونی ئەم یاسایەش كێشەكانی ھەردوولا لەسەر پرسی نەوت كۆتایی پێدێنێ.

تاکو یاسای نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق دەرنەکرێت، هەموو ساڵێك لەسەر مەلەفی نەوت لەنێوان هەولێر و بەغدایە سەر ھەڵدەداتەوە، چونکە وەک دەگوترێ دەرچوونی ئەو یاسایە کۆتایی بەو کێشانە دێنێ. ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق هۆکاری پشتگوێخستنی ئەو پڕۆژە یاسایە دەخاتەڕوو.

بەپێی ماددەی 111 و 112 لە دەستووری هەمیشەیی عێراق، هەرێمی کوردستان دەتوانێت نەوت بەرهەم بێنێ، بەڵام ناتوانێت بیفرۆشێت، پەرلەمانی کوردستانیش بەپێی یاسا فرۆشتی نەوتی لەلایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە کرد بە یاسا، ئەندامێکی لیژنەی وزە و سامانە سرووشتییەکانی پەرلەمانی کوردستان دەڵێت "نزیکبوونەوە لەنێوان هەولێر و بەغدا هەیە، بۆ دەرچوونی یاسای نەوت و گاز.

هەفتەی رابرودوو هەردوو لیژنەی تایبەت بە نەوتی پەرلەمانی کوردستان و عێراق کۆبوونەوە، بڕیاریشە لە رۆژانی داهاتوودا لیژنەی نەوت و گازی پەرلەمانی عێراق سەردانی هەولێر بکەن، تا  لەسەر پرسی نەوت زیاتر لەیەک نزیکببنەوە.

ھ.م