لە بازاڕەكانی كوردستان خواست لەسەر فەرش زیاد دەبێت

فرۆشیار: بەهۆی دابەزینی بەهای تومەن نرخی فەرش هەرزان بووە
kurdistan24.net

K24 - سلێمانی

ساڵانە لەگەڵ ھاتنی وەرزی پایز و زستاندا ھاووڵاتیان روو لە کڕینی فەرش و کومبار دەکەن و خواست لەسەریان زیاد دەبێت، فرۆشیارێکی فەرش دەڵێت "بە ھۆی دابەزینی بەھای تومەنی ئێرانی ئەمساڵ فەرشی ئێرانی نرخی ھەرزانترە و ھاووڵاتیان زۆرتر دەیکڕن".

لەگەڵ ھاتنی وەرزی پایزو دابەزینی پلەکانی گەرما و نزیک بوونەوە لە وەرزی زستان وەک نەریتێکی ساڵانە، ھاووڵاتیان بۆ كڕینی فەرش و کومبار لە ھەرکاتێکی دیکە زیاتر روو دەكەنە دوكانی فەرفرۆشان.

زاخۆ، دوکانی فرۆشتنی فەرشی ھەیە وەک خۆی دەڵێت "ساڵانە لەم کاتەوە بە تەواوی خۆیان بۆ پێشوازی لە کڕیاران ئامادە دەکەن. ئاماژە بەوەش دەكات، ئەمساڵ جیاواز لە ساڵانی رابردوو نرخی فەرشەکانیان ھەرزانترە، ئەمەش بە ھۆکاری دابەزینی بەھای تومەنی ئێرانی.

بازاڕەکانی ھەرێمی کوردستان فەرش و کومباری ئێرانی و تورکی لێ دەفرۆشرێت و زیاتر خواست لە سەر فەرشی ئێرانی ھەیە، کە ئەویش چەند جۆرێکە وەک باخی موعەلەقە و باخی بەھەشت و شاعەباس و نەخشان و کاشان و سوڵتان کە زۆرترین خواستی لەسەرە بەھۆی باشی کوالێتیەوە، ئەو فەرشانەشی کە 1200 شانەیان پێدەوترێت نرخیان لەوانی دیکە بەرزترە.

ھ.م