سلێمانی.. 400 قوتابی له‌ خانووێكی 200 مه‌تری ده‌خوێنن

بینای قوتابخانه‌یان نییه‌ و زۆرێك له‌ مامۆستایان رازی نابن له‌وێ وانه‌ بڵێنه‌وه‌

K24 - سلێمانی:

قوتابخانەی خەلیفاوا لە گەڕەکی خەلیفاوای پارێزگای سلێمانی، لە نێو خانووێکی 200 مەتریدا درێژە بە پڕۆسەی خوێندن دەدات، قوتابیان و مامۆستایانی قوتابخانەکەش دەڵێن چەندین ساڵە داواکارن ئەم گرفتەیان بۆ چارەسەر بکرێت، بەڵام بێ ئەنجام بووە، بۆیە ھیواخوازن کە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و وەزارەتی پەروەردە، پێش ھاتنی وەرزی زستان ئەو گرفتەیان بۆ چارەسەر بکات.

ڕەنگە منداڵانی قوتابخانەكە ھیچیان کەمتر نەبێت لە قوتابخانەکانی دیکە، بەڵام وەک دیاره‌ ئەو بارودۆخەی ئەم قوتابیانەی تێدایە تەواو جیاوازە، قوتابخانەی خەلیفاوا لە گەڕەکی خەلیفاوای پارێزگای سلێمانی، نزیکەی 400 قوتابی ھەیە، بەڵام لە خانویەکی 200 مەتریدا درێژە بە پرۆسەی خوێندن دەدەن.

لیزا یەکێکە لە خوێندکارانی قوتابخانەی خەلیفاوا، ئەو ھاوشێوەی ھاوڕێکانی بە ئومێدی دواڕۆژێکی پڕشنگدار دەخوێنێت، بەڵام خەونی گەورەی ئێستاى ئەوەیە، بینایەکی گونجاویان ھەبێت بۆ خوێندن و لەو بارودۆخە ناھەموارەی ھەیانە ڕزگاریان ببێت.

بەڕێوەبەی قوتابخانەکەش دەڵێت: "دەرگای ھیچ بەرپرسێك نەماوە لێی نەدات و کێشەی قوتابخانەکەی پێیان نەگەیاندبێت، بەڵام دەستی دەستیان پێدەکەن و ھەریەکەیان بڕیارێك و بەڵێنێکیان پێداوە، دەشڵێت چەندینجار خێرخواز خانووەکەیان بۆ نۆژەنکردوونەتەوە و بە ئاستەمیش مامۆستا ڕازی دەبێت لەو قوتابخانەیە وانە بڵێتەوە، دەشڵێت ھەرپۆلێکیان زیاد لە 30 قوتابی تێدایە و بە دوو دەوامیش وانە دەڵێنەوە.

قوتابخانەی خەلیفاوا ساڵی 2008 دامەزراوە و لە سەرەتای دامەزراندنیەوە لە نێو ئەو خانووەدا قوتابیانی وانە دەخوێنن، سەرەتا 70 قوتابی وانەی لێخوێندووە، بەڵام ئێستا زیاد لە 400 قوتابی وانەی تێدا دەخوێنن، لە پۆلی 1 تا 6 بنەڕەتی، وەکو بەڕێوەبەری قوتابخانەکەش دەڵێت مانگانە 350 ھەزار وەك کرێ دەدەن بە خاوەنەکەی و ھیوادارن پێش ھاتنی وەرزی زستان حکوومەت و وەزارەتی پەروەردە ئەو گرفتەیان بۆ چارەسەر بکات.

ئ. م