قوتابخانه‌یه‌ك به‌ناوی "عیزه‌دین مسته‌فا ره‌سووڵ" ده‌كرێت
K24 - هه‌ولێر:
ئالان حه‌مه سه‌عید، وه‌زیری په‌روه‌رده‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، بڕیاریدا بۆ به‌رز راگڕتنی ناوی پرۆفیسۆر دكتۆر عیزه‌دین مسته‌فا ره‌سووڵ، قوتابخانه‌یه‌ك به‌ناوی كۆچكردوو بكات.
وه‌زیری په‌روه‌رده، به كوردستان 24ی راگه‌یاند، بۆ رێزگرتن له ناوی ئه‌و پرۆفیسۆره، یه‌كێك له قوتابخانه‌كانی سنووری پارێزگای سلێمانی به‌ناوی "عیزه‌دین مسته‌فا ره‌سوڵ" ده‌كرێت، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی په‌روه‌رده‌ی سلێمانی راسپاردووه.
د. عیزەدین مسته‌فا ره‌سوڵ، له ساڵی 1934 له گەڕەکی دەرگەزێنی شاری سلێمانی له‌دایكبووه و کوڕی مەلا مستەفای سەفوەت حاجی مەلا ڕەسوڵی دێلێژەیە.
سه‌ره‌تا له ساڵی 1939 له قوتابخانه‌ی غازی وه‌كو گوێگر وه‌رگیراوه، به‌هۆی ئه‌وه قوتابییه‌كی زیره‌ك و وریا بووه، له نیوه‌ی ساڵدا كراوه‌ته قوتابی و له كۆتایی ساڵیش‌دا، به یه‌كه‌م ده‌رچووه.
ئه‌و پرۆفیسۆره، دوای ساڵانێكی زۆر له خزمه‌ت، به‌ره‌به‌یانی رۆژی پێنجشه‌ممه، 3ی تشرینی یه‌كه‌م/ ئۆكتۆبه‌ری 2019، له شاری سلێمانی به‌هۆی نه‌خۆشییه‌وه كۆچی دوایی كرد و له گۆڕستانی گردی سه‌یوان به خاك سپێردرا.
ئ. م