زیاتر لە 400 خێزانی چەكدارانی داعش لە كەركووك نیشتەجێ دەكرێن

كەركووك.. تەعریب بەردەوامە
kurdistan24.net

K24 - كەركووك

بە پاڵپشتی ئیدارەی کەرکووک، زیاتر لە 400 خێزانی چەکدارانی داعش لە کەمپەکانی مووسڵەوە ھێنراونەتە کەرکووک، ئەو خێزانانە ژن و منداڵی چەکدارانی داعشن کە لە شەڕەکاندا کوژراون ھێنراونەتە کەرکووک و لەنێو کەمپەکاندا نیشتەجێ کراون، ئەمانە بەو بیانوە ھێنراون کە ھاوسەرە کوژراوەکانیان خەڵکی حەویجەن.

 گەیشتن بە کەمپی لەیلان و چاوپێکەوتن بەو خێزانەكانی داعش کارێکی وائاسان نییە، چونکە زیاتر لە سێ بازگەی ھێزەكانی عێراق ھەن و رێگە نادەن کە ھیچ میدیاکارێک بچێتە نێو کەمپەکەوە، تیمی كوردستان24 لە کەرکووک، توانیویەتی بازگەکان ببڕێت و بچێتە نێو کەمپی لەیلانەوە، ھەروەھا چاوپێکەوتنی لەگەڵ ھاوژینی چەکدارێکی داعش ئەنجامداوە.

خێزانی چەکدارانی داعش لە مووسڵەوە بۆ نێو کەمپی لەیلانی خۆرھەڵاتی کەرکووک گوزراونەتەوە.

سەرەتا 150 خێزان ھێنراونەتە نێو کەمپی ئاوارەکان، بەڵام  دواتر رێژەکە زیادی کردووە تاکو ئێستا گەیشتووەتە نزیکەی 400 خێزان و بەردەوامیش ژمارەکە لە زیاد بوونە.

ئیدارەی کەرکووکیش رازی بووە بە وەرگرتنی ژن و منداڵانی چەکدارانی داعش، تەنانەت ئاسانکاریشیان بۆ کراوە، بۆیە ئەندامانی ئەنجوومەن توڕەن و مەترسییەکەی دەخەنەڕوو.

حکوومەتی عێراق رێگەی داوە بە گەڕانەوەی خێزانە ئاوارەکان بۆ شوێنی نیشتەجێ بونی خۆیان، بەڵام  وەک ئەو ھێزانەی کە لەناوچە سوننە نشینەکان رێگە بەگەڕانەوەی ژن و منداڵی چەکدارانی داعش نادەن بۆ سنوورەکە، بۆیە ئەم خێزانانە ئێستا لە کەرکووکن و لەنێو کەمپەکانن.

ھ.م