سه‌رۆك بارزانی: پشتیوانیی له‌ داواكاریی و مافی ڕەوای خوشك و برا ئێزیدییەكان ده‌كه‌م

پەیامی پیرۆزبایی سەرۆك بارزانی بەبۆنەی هاتنەوەی جەژنی (جەمایێ)ـی ئێزیدییەكان

K24 - هه‌ولێر:

سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی، به‌بۆنه‌ی هاتنه‌وه‌ی جه‌ژنی "جه‌مایێ" ئێزدییان، په‌یامێكی پیرۆزبایی بڵاوكرده‌وه‌ و رایده‌گه‌یه‌نێت، ئومێدی ئەوە دەخوازم كە خوشك و برا ئێزیدییەكانمان هەموو جەژن و خۆشییەكانیان لە كەشێكی ئارام و پڕ لە ئاسوودەیی بەڕێ بكەن و كۆتایی بەو ئێش و ئازارانە بێت كە لە ساڵانی ڕابردوودا بەهۆی زوڵمی تیرۆریستان چێشتوویانە.

سه‌رۆك بارزانی، له‌ به‌شێكی په‌یامه‌كه‌یدا ده‌ڵێت: "به‌ پێویستیشی دەزانم جارێكی تر پشتیوانیی خۆم بۆ داواكاریی و مافی ڕەوای خوشك و برا ئێزیدییەكان ڕابگەیێنم و هیوای ژیانێكی ئاشتیانە و بەختەوەریان بۆ دەخوازم".

ده‌قی په‌یامه‌كه‌ی سه‌رۆك بارزانی:

"بەناوی خودای مەزن و دلۆان

بەبۆنەی هاتنەوەی جەژنی (جەمایێ)ـی ئێزیدی پیرۆزبایی لە خوشك و برایانی ئێزیدیی كوردستان و هەموو جیهان دەكەم. ئومێدی ئەوە دەخوازم كە خوشك و برا ئێزیدییەكانمان هەموو جەژن و خۆشییەكانیان لە كەشێكی ئارام و پڕ لە ئاسوودەیی بەڕێ بكەن و كۆتایی بەو ئێش و ئازارانە بێت كە لە ساڵانی ڕابردوودا بەهۆی زوڵمی تیرۆریستان چێشتوویانە.

لەو بۆنەیەدا وێڕای جەختكردنەوە لە پابەندبوونمان بە هەموو بنەماكانی پێكەوەژیانی ئایینی و نەتەوەیی لە كوردستان بە پێویستیشی دەزانم جارێكی تر پشتیوانیی خۆم بۆ داواكاریی و مافی ڕەوای خوشك و برا ئێزیدییەكان ڕابگەیێنم و هیوای ژیانێكی ئاشتیانە و بەختەوەریان بۆ دەخوازم.

جەژنتان پیرۆز و بمێنن بە خێر و خۆشی

مسعود بارزانی

٥ـی ١٠ـی ٢٠١٩"

ئ. م