بێتواته‌.. ته‌رمی ژنێك به‌ هه‌ڵواسراوی دۆزرایه‌وه‌

ته‌مه‌نی 17 ساڵه‌ و دایكی یه‌ك منداڵه‌

K24 – هه‌ولێر:

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی راپەڕین رایگه‌یاند، پێش نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ ته‌رمی ژنێكی 17 ساڵ له‌ ماڵی خۆیدا له‌ گوندی سه‌روچاوه‌ی ناحیه‌ی بێتواته‌ دۆزراوه‌ته‌وه‌.

له‌ راگه‌یه‌ندراوێكی پۆلیسدا كه‌ وێنه‌یه‌كی ده‌ست كوردستان24 كه‌وتووه‌، هاتووه‌: "کاتژمێر 11:20ی پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ تەرمی ژنێک بەناوی (ب،خ) لەدایک بووی 2002 پیشەی ژنی ماڵ و دانیشتوی سەروچاوە سەر بە ناحیەی بێتواتە سەر بە قەزای رانیە بە مردویی گەیەندرایە نەخۆشخانەی گشتی رانیە کە شوێنەواری برینی پەت بە ملیەوە هەبوو".

هه‌روه‌ها هاتووه‌: "هێزەکانمان لە بنکەی پۆلیسی بێتواتە و تیمی بەڵگەکانی تاوانی راپەڕین دەستبەجێ گەشتنە شوێنی رووداوەکە. دوای لێکۆڵینەوە و بەگوێرەی وتەی هاوسەرەکەی دەرکەوت کە ناوبراو لە ژورێکی ماڵەکەی خۆیان لە سەروچاوە بە پەت خۆی هەڵواسیوە و هەر بەوتەی هاوسەرەکەی ناوبراو هیچ کێشەیەکی نەبووە".

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه‌: "لە کاتێکدا ژنەکە خاوەن هاوسەر و یەک منداڵە. دوای ئەوەی تەرمەکەی لە پزیشکی دادوەری رانیە توێکاری بۆ ئەنجامدرا، رادەستی کەسوکاری کرایەوە. مەلەفی لێکۆڵینەوە بۆ رووداوەکە کرایەوە و لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە بەردەوامە".