مانچێسته‌ر سیتی به‌شێوه‌یه‌كی دراماتیكی تووشی شكست بوو
له گه‌ڕی هه‌شته‌می پرێمه‌رلیگ، مانچێسته‌ر سیتی له نێو یاریگه‌ی خۆی تووشی شكستیكی كوشنده بوو كاتێك له 10 خوله‌كی كۆتایی 2 گۆڵی لێكرا و یارییه‌كه‌ی دۆڕاند.
ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه، له یاریگه‌ی ئیتیحاد مانچێسته‌ر سیتی میوانداریی یانه‌ی ولڤرهامپتنی كرد، له گێمی یه‌كه‌م هیچ لایه‌ك نه‌یتوانی به‌ربه‌ستی یه‌كسانبوون به‌شكێنێت و بێ گۆڵ یاریگه‌یان جێهێشت.
به‌ڵام له 10 خوله‌كی كۆتایی گێمی دووه‌م، ئاده‌م تراوری ئیسپانی دوو گۆڵی له‌سه‌ریه‌كی له دژی مانچێسته‌ر سیتی تۆمار كرد و تیپه‌كه‌ی گواردیۆلای تووشی دووه‌مین شكست له‌م وه‌رزه كرد.
گرینگ‌ترین رووداوه‌كانی یارییه‌كه:
ـ ولڤرهامپتن تاكه یانه‌یه له وه‌رزی رابردووه تا ئێستا زۆرترین خاڵی له ده‌ره‌وه‌ی یاریگه‌ی خۆی له 6 یانه به‌هێزه‌كه‌ی سه‌رووی ریزبه‌ندی پرێمه‌رلیگ وه‌رگرتووه (20) خاڵ.
ـ مانچێسته‌ر سیتی دوای 2016 یه‌كه‌م یارییه له نێو یاریگه‌ی خۆی ده‌دۆڕێت به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچ گۆڵێك تۆمار بكات.
ـ مانچێسته‌ر سیتی دووه‌مجاره له یاریگه‌ی خۆی له‌ژێر سه‌رپه‌رشتی پێپ گواردیۆلا به جیاوازی دوو گۆڵ ده‌دۆڕێت، پێشتر له 3 دێسێمبه‌ری 2016 له نێو یاریگه‌ی خۆی (3 ـ 1) به‌رامبه‌ر چێڵسی دۆڕا بوو.