ھیوا قادر: نووسین وەک گەڕانە بە دوای کانی ئاڵتووندا

بۆ كوردستان24 باسی رۆمانی ماڵی پشیلە دەكات

K24 - سلێمانی

ھیوا قادر، رۆماننووس و شاعیر، لە دیمانەیەكی تایبەت بە كوردستان24، باس لە دوا رۆمانه‌كه‌ی خۆیی بە ناوی (ماڵی پشیلەكان) ده‌كات. هیوا پێیوایە نووسین وەک گەڕانە بە دوای کانی ئاڵتووندا. هه‌وه‌رها ئاماژە بەوەش دەكات، كه‌ ئه‌گه‌رچی خودی نووسین گه‌ڕانه‌ به‌ دوای دۆزینه‌وه‌ی ڕیگای جیاوازیی گێڕانه‌وه‌، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا "ئەمە هەڵەیەكی کوشندەیە پێمان وابێت مادام كه‌سیك توانای گێڕانەوەی هەیە، ئیدی دەتوانێت رۆمان بنووسێت".

*بەپێی ئەو بەركەوتانەی خوێنەر لەگەڵ نووسینەكانی ھیوا قادر ھەیەتی، ھەست بە جیاوازیی لە داڕشتنی تەكنیكی نووسینی رۆمانەكەی دەكات، كە یەكێكە لە خاڵە جیاوازەكانی ئەو رۆمانە. ئایا خۆت تاچەند درك بەو جیاوازییە دەكەی؟

  - بێگومان بە هۆشیارییەوە ئەو کارەم کردووە. هەموومان ئەتوانین بگێڕینەوە، بەڵام هەموومان ناتوانین بە شێوازی جیاواز بگێڕینەوە، نووسین بۆ خۆی دۆزینەوەی شێوازە جیاوازەکانی گێڕانەوەیە. من پێموایە هەموو خولقاندنی دنیایەک پێویستی بە شێوازێکی تایبەت بە خۆی هەیە، وەک چۆن هەموو قەڵایەک رێگای نهێنی خۆی هەیە بۆ چوونە ژوورەوەی، ئاوهاش هەموو رۆمانێک رێگای تایبەتی و راستەقەنەی خۆیی هەیە بۆ گێڕانەوە. جیاوازی ئەم رۆمانەم لە جیاوازی دەستنیشانکردنی شوێن و کولتوور و کەسایەتییەکانیەوەیەتی. هەروەها بە کۆنکرێتکردنی زمان لە گوزارشتکردن و فرەبێژی نەکردن لە ئاوەڵناو و درێژنەکردنەوەی رستەدا، هەروەها خۆدزینەوە لەو داڕشتنە باوەی کە لە ناو زمانی کوردیدا هەیە بۆ گێڕانەوە. وەک چۆن شیعر هەرە ساتی چڕکردنەوەی زمانە لە گوزارشتکردن و بینیندا، ئاوهاش ئەکرێت رۆمان تاڕادەیەکی پێویستی بە چڕکردنەوەی زمان بێت. زۆر بە سادەیی پێت بڵێم، تەکنیک دۆزینەوەی باشترین و کورترین و جوانترین رێگایە بۆ گێڕانەوە، بەڵام تەنیا گیڕانەوەش بەس نییە بۆ نووسینی رۆمان، ئەمە ئەو هەڵە کوشندەیە کە زۆر کەس پێی وایە، مادام توانای گێڕانەوەی هەیە، کەوایە ئەتوانێت رۆمان بنووسێت. لە رۆماندا دوای زمان و تەکنیکی گێڕانەوە سەرەی وێناکردنی کەسایەتییە جیاوازەکان و دواتر چیرۆکە لە یەکنەچووەکانیان دێت، لە کۆتایشدا بەستنەوەی هەموو ئەم جیاوازییانە پێکەوە. دیارە لە هەموو ئەو خاڵانەی تریش گرنگتر بۆ نووسینی رۆمان هەوڵدانە بۆ ناسینی مرۆڤ، وەک بوونەوەرێکی ئاڵۆز و پڕ لە نهێن. رۆمان وەک شارێک وایە کە پڕە لە جیاوازی، ئەوەی درک بەو جیاوازیانە نەکات و نەیان ناسێت و خۆشی نەوێن، زۆر زەحمەتە بتوانێت لە کارەکەیدا سەرکەوتووبێت، جگە لەوەی ئەم کایە ئەدەبییە خۆی، کایەیەکە شار بەرهەمی هێناوە، واتا زۆر شاریانەیە و پێویستی بە زمانێکی شاریانە هەیە.

*وەك لە باكگراوندی رۆمانەكە ئاماژەت پێ داوە، ئەم رۆمانەت بە زمان و شێوازی ئەوروپییەكان نوسیووە، ھۆكارەكەی بۆچی دەگەڕێتەوە؟ ئایا خوێنەری كورد لە شێوازی گێڕانەوەی رۆمانی ئێستا بێزار و ماندووە؟

-لە راستیدا ئەو کوتکراوەیەی پشتی رۆمانەکە، من نەم نووسیوە و دەزگای بڵاوکردنەوەکە نووسیویەتی، بەڵام کێشە ئەوەیە هەندێک جار کە نووسەر ئاماژەیەک لە ناو قسەکانیدا ئەدات، دواتر هەندێک خوێنەر تەنیا ئەو ئاماژەیە بە هەڵە لەلای خۆیان هەڵ ئەگرن. من هەرگیز خاوەنی ئەم دێڕە نیم "ئەم رۆمانەم بە زمان و شێوازی ئەوروپییەكان نوسیووە"، یانی چی ئەم قسەیە؟! رۆمان خۆی هونەرێکی ئەوروپییە، بەڵام دواتر ئەم هونەرە بووە بە موڵکی مرۆڤایەتی. بۆ ئەوەی بۆ دواهەمین جار ئەو تێگەیشتنە هەڵەیە راستبکەمەوە ئەڵێم: ئەم رۆمانە، باس لە فەزا و کولتوورێک ئەکات، کە فەزا و کلتورێکی ئەوروپییە، واتا هەڵبژاردنی بابەتەکە ئەوەی بەسەردا سەپاندووم. خۆشم بە ئەنقەست ئەو فەزایەم هەڵبژاردووە بۆ ئەوەی بتوانم سنووری گوزارشت و خەیاڵی خۆم بگوێزمەوە بۆ ناو تخوبێکی تر. ئەمە مانای ئەوە نییە کە ئەم رۆمانە بۆ کورد نەنووسراوە، ئەگەر وانییە چۆن رۆمانەکە بە کوردی ئەنووسرێت؟.

*تا چەند ھاوڕایت كە پێویستە لەم سەردەمەدا نووسەران دەست بۆ كۆمەڵێك نووسین ببەن، وەك نموونەی "ماڵی پشیلەكان" كە دنیابینینی مرۆڤ بۆ دەورووبەری دەگۆڕێت؟ پێتوایە ئەوە پێویستییە، یان گۆڕانكارییە؟

- نووسەران ئازادن چۆن و چی ئەنووسن، من نووسەرێکم دژ بە هەموو پەیامێکی راستەوخۆم، من باوەڕم بە پەیامێکی دیاری کراوم نییە. دیارە زۆر لە نووسەران ئەیانەوێت ئەو سنوورانە تاقی بکەنەوە کە پێشتر نووسەرانی تر نەیاندۆزیوەتەوە. نووسین وەک گەڕان وایە بەدوای کانی ئاڵتووندا "دیارە وەک مانایەکی مەعنەوی"، هەموومان لە گەڕان و پشکنینداین، ئەوەی چاوی بینینی و خەیاڵی فراوانترە شانسی دۆزینەوەی ئەو دنیا نوێیانەی زیاترە. لە راستیدا گەر فەزای ڕۆمانی "ماڵی پشیلەکان" بۆ خوێنەری کورد کەمێک نوێ بێت، هۆی بەرنەکەوتنی راستەوخۆیەتی لەگەڵ کولتوورە جیاوازەکانی تردا، یاخود هۆی ئەوەیە کە بابەتەکە بۆ ئەو کەمێک نامۆیە و ڕووداوەکان لە شوێنێکدا رووئەدەن و ئەگێڕێنەوە کە تایبەتن بە جیهانی پشیلە.

*تا چەند ھەوڵت داوە لە ڕێگەی ئەم رۆمانەوە دنیابینییەکی جیاواز بەراورد بە ئەوانی دیكەی پیشان بدەی؟ به‌ مانایه‌كی تر، ئایا ھەوڵت داوە مرۆڤ بۆ بیركردنەوەیەكی قووڵ كێش بكەی؟

- من بۆ خۆم لەم رۆمانەدا زۆر حەزم کردووە کار لەسەر باری دەروونی کەسایەتییەکان بکەم. هەروەها گەڕان بۆ ئەو خاڵەی کە هەموو مرۆڤەکان تیایدا یەکسانن سەرباری جیاوازی کلتوورەکانیان. بێگومان ئیشکردنی جیاوازی من لەم خاڵەدا رەنگە بووبێتە هۆی ئەوەی کە گوژمێکی دابێت بە هێزی بیرکردنەوە لەلای خوێنەرەکان. کاتێک کارم لەسەر ئەو بارە دەروونییە ئاڵۆز و جیاوازانە ئەکرد، هەستم ئەکرد کە رەنگە بتوانم لە ژێر کاریگەری کەسایەتییەکانی ناو رۆمانەکەدا جۆرێک لە بیرکردنەوە و کونجکوڵی لە لا دروستبکەم، وەک ئەوەی لە ئاوێنەیەکی شکاودا بەشێک لە روخساری خۆی ببینێت و دواتر دوای بکەوێت. کەسایەتییە جیاوازەکان ئەو ئاوێنە شکاوانەن کە ئەکرێت خوێنەر بۆ ساتێک هەستبکات کەمێک هاوبەشی لەگەڵ یەکێک یان چەند کەسێک لەو کەسایەتیانەدا هەیە، ئەمە ئەو خاڵەیە وا لە خوێنەر ئەکات لەگەڵ کەسایەتییەکان و چیرۆکەکانیاندا بیربکاتەوە. ئێمە رۆمان تەنیا بۆ خوێندنەوەی حەکایەت و رووداوەکان ناخوێنینەوە، بەڵکە بۆ بیرکردنەوەش لەگەڵ ئەو چیرۆک و کەسایەتیانەدا ئەخوێنینەوە تا لەگەڵیاندا ئێمەش خەیاڵمان سەفەربکات، پرسیارمان لەلا دروستبێت و دوای خوێندنەوەی رۆمانەکەش کەسایەتییەکانی بتوانن لەگەڵماندا بژین. من پێموایە رەنگبێت بەشێک لە هۆکاری زۆر خوێندنەوەی ئەم رۆمانە بگەڕێتەوە بۆ جیاوازی بابەت و تەکنیکەکەی، یان هۆکاری هیلاکی خوێنەری کورد لە خوێندنەوەی بەردەوامی تراژیدیاکانی خۆی، یاخود تازەیی لە هەڵبژاردنی بابەت و جیاوازی چیرۆکە یەک بە دوای یەکەکانی، یان چەندان هۆکاری تر کە من وەک نووسەرەکەی نەزانم چین.

*لە ناوەڕۆكی رۆمانەكەدا، بیری ناسیۆنالیستی و دیوێكی دیكەی جیاوازت بۆ بەخێوكردنی پشیلە بەیەكەوە بەستووەتەوە، ئەمە له‌ چییه‌وه‌ سەرچاوەی گرتووە؟ ئایا بەڕاستی ئەوانە بەیەكەوە گرێدراون؟ تا چەند دڵنیای كه‌ ئەم رۆمانەت بیرێكی بەھێز بەرامبەر ئاژەڵی ماڵیی لای تاكی كورد، یان خوێنەر دروست بكات؟.

-نازانم من هیچ بەستنەوەیەکی خەیاڵی ناسیۆنالستیم بە بەخێوکردنی پشیلەکانەوە گرێ نەداوە. جیاوازی پشیلەکان پەیوەندی بە ناسیۆنالستییەوە نییە، بەڵکە جیاوازیان پەیوەندی بە جوگرافیا و زمان و جیاوازی ژینگەی پشیلەکانەوە هەیە، تەواو وەک مرۆڤەکان.  لە راستیشدا من هیچ بیرکردنەوەیەکی پێشوەختم نەبووە، بۆئەوەی ئەم رۆمانەم ببێتە هۆی ئەوەی وابکات مرۆڤی کورد سرووشتی تر و مرۆڤانەتر لەگەڵ ئاژەڵەکاندا هەڵسوکەوت بکات، دیارە ئەگەر بیکات شتێکی زۆر باشە. بەداخەوە مرۆڤی کورد بە بارە گشتییەکەیدا خۆیی خۆش ناوێت، ئیتر چۆن ئاژەڵی خۆشبوێت؟ خۆشویستنی ئاژەڵ و سرووشت بە گشتی، لە خۆشویستن و حورمەتگرتنی ئینسان خۆیە سەرچاوە ئەگرێت. خۆشویستنی ئاژەڵ و سرووشت پرسیارێکی زۆر کلتوورییە، دیارە هۆشیاریی گشتیش دەورێکی گەورە لە دروستکردنی ئەو رێزەدا ئەبینێت، تا مرۆڤەکان بەرامبەر بە خۆیان و ئاژەڵەکان میهرەبانتربن.

ھ.م

ھیوا قادر: نووسین وەک گەڕانە بە دوای کانی ئاڵتووندا
ھیوا قادر: نووسین وەک گەڕانە بە دوای کانی ئاڵتووندا
ھیوا قادر: نووسین وەک گەڕانە بە دوای کانی ئاڵتووندا
ھیوا قادر: نووسین وەک گەڕانە بە دوای کانی ئاڵتووندا
ھیوا قادر: نووسین وەک گەڕانە بە دوای کانی ئاڵتووندا
ھیوا قادر: نووسین وەک گەڕانە بە دوای کانی ئاڵتووندا
ھیوا قادر: نووسین وەک گەڕانە بە دوای کانی ئاڵتووندا
ھیوا قادر: نووسین وەک گەڕانە بە دوای کانی ئاڵتووندا
ھیوا قادر: نووسین وەک گەڕانە بە دوای کانی ئاڵتووندا
ھیوا قادر: نووسین وەک گەڕانە بە دوای کانی ئاڵتووندا