له‌ دێربیسی 9 چه‌كداری میلیشیاكان كوژران

هه‌سه‌ده‌ به‌رده‌وامه‌ له‌ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی سوپای توركیا

K24 - سه‌رێكانی:

په‌یامنێری كوردستان24 له‌ رۆژئاوای كوردستان رایگه‌یاند، له‌ ده‌وروبه‌ری شارۆچكه‌ی دێربیسی رۆژئاوای كوردستان شه‌ڕ و پێكدادان به‌رده‌وامه‌ و هه‌سه‌ده‌ توانیویه‌تی 9 چه‌كداری گرووپه‌ میلیشیاكانی هاوپه‌یمانی توركیا بكوژێت.

په‌یامنێری كوردستان24 راشیگه‌یاند، تا ئێستا هێزه‌كانی توركیا و میلیشیا هاوپه‌یمانه‌كانی نه‌یانتوانیوه‌ ده‌ست به‌سه‌ر هیچ ناوچه‌یه‌كی باكووری سووریادا بگرن.

كوژرانی ئه‌و چه‌كدارانه‌ی میلیشیاكان دوای ئه‌وه‌ دێت، ئه‌مڕۆ ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، سه‌رۆكی كۆماری توركیا، ره‌تیكرده‌وه‌ هیچ هێزێكی میلیشیاكانی سوپای ئازادی سووریا به‌شداری شه‌ڕه‌كه‌یان كردبێت. 

كاتژمێر 04:00ی ئێواره‌ی رۆژی چوارشه‌ممه‌ 9ی تشرینی یه‌كه‌م/ ئۆكتۆبه‌ری 2019 سوپای توركیا ئۆپراسیۆنی سه‌ربازی بۆ سه‌ر رۆژئاوای كوردستان ده‌ستپێكرد.

هێرشه‌كه‌ی توركیا بۆ سه‌ر رۆژئاوای كوردستان(باكووری سووریا و خۆرهه‌ڵاتی فورات) دوای ئه‌وه‌ هات، كه‌ ئه‌مه‌ریكا بڕیاریدا له‌ ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی باكووری سووریا بكشێته‌وه‌ و تره‌مپ رایگه‌یاند، چیدیكه‌ له‌و شه‌ڕه‌ به‌رده‌وام نابین و توركیا كاری كورده‌كان ته‌واو ده‌كات و به‌رپرسیارێتی زیندانیانی داعش و رێگرتن له‌ سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی تیرۆری داعش ده‌گرێته‌ ئه‌ستۆ.

هێرشه‌كه‌ی توركیا له‌ ئاستی نێوده‌وڵه‌تی و ناوچه‌ییدا كاردانه‌وه‌ی زۆری به‌دوای خۆیدا هێناوه‌.