ئه‌ردۆغان: 16 هه‌زار تیرۆریستمان له‌ناوبردووه‌

له‌ یه‌كه‌م وتاریدا دوای جاڕدانی شه‌ڕی بۆ سه‌ر باكووری سووریا

K24- هه‌ولێر:

سه‌رۆكی توركیا، ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، له‌ یه‌كه‌م وتاریدا دوای جاڕدانی شه‌ڕی بۆ سه‌ر باكووری سووریا رایگه‌یاند، ئاسته‌نگه‌كانمان تێكشكاندن.

ئه‌ردۆغان گوتیشی: له‌ ناوه‌وه‌ و ده‌ره‌وه‌ی سنووره‌كانمان توانیومانه‌ 16 هه‌زار تیرۆریست له‌ناوببه‌ین.

هه‌روه‌ها گوتی: به‌ هه‌موو توانایه‌ك رووبه‌ڕووی یه‌په‌گه‌ و داعش ده‌بینه‌وه‌.

له‌ وتاره‌كه‌یدا، ئه‌ردۆغان كه‌وته‌ دژایه‌تی سعوودییه‌ و میسر و گوتی: پێویسته‌ سعوودییه‌ له‌ ئاوێنه‌دا سه‌یری خۆی بكات.

هه‌روه‌ها گوتی: پێویسته‌ سعوودییه‌ له‌ یه‌مه‌ن بكشێته‌وه‌، كه‌ ده‌یان هه‌زار هاووڵاتی مه‌ده‌نی كردووه‌ته‌ قوربانی.

سه‌باره‌ت به‌ میسریش، ئه‌ردۆغان وتی: ده‌سه‌ڵاتدارانی میسر ناتوانن دیموكراتی له‌ وڵاته‌كه‌یان به‌دی بهێنن.

كاتژمێر 04:00ی ئێواره‌ی رۆژی چوارشه‌ممه‌ 9ی تشرینی یه‌كه‌م/ ئۆكتۆبه‌ری 2019 سوپای توركیا ئۆپراسیۆنی سه‌ربازی بۆ سه‌ر رۆژئاوای كوردستان ده‌ستپێكرد.

هێرشه‌كه‌ی توركیا بۆ سه‌ر رۆژئاوای كوردستان(باكووری سووریا و خۆرهه‌ڵاتی فورات) دوای ئه‌وه‌ هات، كه‌ ئه‌مه‌ریكا بڕیاریدا له‌ ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی باكووری سووریا بكشێته‌وه‌ و تره‌مپ رایگه‌یاند، چیدیكه‌ له‌و شه‌ڕه‌ به‌رده‌وام نابین و توركیا كاری كورده‌كان ته‌واو ده‌كات و به‌رپرسیارێتی زیندانیانی داعش و رێگرتن له‌ سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی تیرۆری داعش ده‌گرێته‌ ئه‌ستۆ.

هێرشه‌كه‌ی توركیا له‌ ئاستی نێوده‌وڵه‌تی و ناوچه‌ییدا كاردانه‌وه‌ی زۆری به‌دوای خۆیدا هێناوه‌.