ئیداره‌ی باكوور و خۆرهه‌ڵاتی سووریا: داعش ده‌گه‌ڕێته‌وه
K24 – هه‌ولێر:
ئیداره‌ی خۆبه‌ڕێوبه‌ری باكوور و خۆرهه‌ڵاتی سووریا، هۆشداری دا له گه‌ڕانه‌وه‌ی داعش به تایبه‌تی له كه‌مپی هولی په‌نابه‌ران، ئه‌گه‌ر بێت و توركیا له‌شكركێشی بكاته سه‌ر خۆرهه‌ڵاتی فورات.
له به‌یاننامه‌یه‌كدا، ئیداره‌كه ئه‌مڕۆ رایگه‌یاند، دوای سه‌ركه‌وتنی هه‌سه‌ده له شه‌ڕی باغۆز، كه خاڵی یه‌كلاكه‌ره‌وه بووه له قه‌یرانی سووریادا، هه‌زاران چه‌كدار و خێزانی داعش خۆیان راده‌ستی هێزه‌كانی سووریای دیموكرات(هه‌سه‌ده) كرد و له كه‌مپی ئاواره‌كانی هول نیشته‌جێ كران.
هه‌روه‌ها هاتووه: له‌و كه‌مپه‌دا، 71 هه‌زار و 658 ئاوار و په‌نابه‌ر گیرساونه‌ته‌وه و كه هاووڵاتی زیاتر له 60 وڵاتی جیهانن.
له باره‌ی ورده‌كاری ژماره‌كانه‌وه، ئیداره‌ی خۆبه‌ڕێوبه‌ری راشیگه‌یاند، له‌و ژماره‌یه، 30 هه‌زار و 890 كه‌سیان خه‌ڵكی عێراقن، 30 هه‌زار و 314 كه‌سیان خه‌ڵكی سووریا‌ن، 10 هه‌زار و 454 كه‌سیان خه‌ڵكی وڵاتانی جیاجیان و ئه‌مانه‌ش كه‌سوكاری چه‌كدارانی داعشن و هیچیان مه‌ترسییان له‌و چه‌كدارانه كه‌متر نییه كه له لایه‌ن هه‌سه‌ده‌وه ده‌ستگیركراوون.
ئیداره‌كه روونیكردووه‌ته‌وه، به‌ڕێوه‌بردنی ئه‌و كه‌مپه بووه‌ته بارگرانییه‌كی ماددی و ئه‌منی گه‌وره بۆیان و كێشه‌یه‌كی مرۆییه و هاوشێوه‌ی به‌رمیلێك بارووده و ترسی ته‌قینه‌وه‌ی هه‌یه و رۆژانه رووداوی كوشتن و لێدان و هه‌ڕه‌شه‌كردن و هه‌وڵی راكردن له ئارادان.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شداوه، ژنانی سه‌ر به داعش له ناو كه‌مپه‌كه خۆیان رێكخستووه‌ته‌وه و خه‌ریكی چاندنی هزری توندڕه‌وین له ناو منداڵ و تازه پێگه‌یشتووه‌كانیاندا و ئه‌مه‌ش به‌ڵگه‌یه له‌سه‌ر بوونی په‌یوه‌ندی له نێوان هه‌ڕه‌شه‌كانی توركیا و ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغانی سه‌رۆكی ئه‌و وڵاته و جموجوڵی ژنانی سه‌ر به داعش.
ئیداره‌ی خۆسه‌ر، هۆشداریشی داوه، ئه‌گه‌ر ئه‌ردۆغان هه‌ڕه‌شه‌كانی جێبه‌جێ بكات، ئه‌وا ناوچه‌كه به‌ره‌و لێواری شه‌ڕ و ته‌قینه‌وه و بڵاوبوونه‌وه‌ی پاشاگه‌ردانی و پشێوی ده‌بات و ئه‌سته‌م ده‌بێت كۆنترۆڵ بكرێته‌وه.