سعوودییه‌ هه‌ڕه‌شه‌ی داڕمانی ئابووری له‌ توركیا ده‌كات

ئابووری توركیا له‌ لێواری داڕمانه‌

K24 – هه‌ولێر:

بۆردوومانەکانی تورکیا لە لایەن چەندین وڵاتانی عەرەبی و جیهانی ئیدانه‌ کرا، کە میسر و سعوودیە زۆر بە توندی ئیدانەیان کرد، بە جۆرێک قاهیرە بە زمانێکی زبر ئیدانەی ئەو هێرشەی تورکیای بۆ سەر خاکی سووریا کرد و رایگەیاند،"دەستدرێژی کردن بۆ سەروەری وڵاتێکی عەرەبی دراوسێ قبوڵکراو نییە، لە کاتێکدا ئەو وڵاتە بەو دۆخەدا تێپەڕدەبێت"، هەروەها تورکیاشی تۆمەتبارکرد بەوه‌ی هەوڵدەدات دیمۆگرافیای خاکی سووریا بگۆڕێت.

لە هەمان کاتدا سعوودیەش ئەو هێرشەی بە "دوژمانەیەتی" وەسف کرد و دەڵێت: بوونی هێزی تورکیا قبوڵکرا و نییە. 

هەروەها سعوودیە بە زەبر وەشاندن لە ئابووری تورکیا هەڕەشە دەکات دەڵێت زەبرێکی کوشندەیان لێدەدەن.

لە رۆژنامەی عەکازی سعوودیدا هاتووە، ژوورەکانی سعوودیە هۆشداری بە وەبەرهێنان و گەشتکردن بۆ تورکیا دەدەن. 

دکتۆر سامی عوبێدی، سەرۆکی ئەنجوومەنی ژوورە بازرگانییەکانی سعوودیە روونی دەکاتەوە، ئەو هۆشدارییە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە گووتاری هەڕەشە ئامێزی سەرکردەکانی تورکیا کاردانەوەی نەرێنی دەبێت لەسەر ئاسایش و سەلامەتی گەشتیاری عەرەبی. کە دەڵێت" ئامۆژگاری وەبەرهێنەرانمان دەکەین وەبەرهێنان لە تورکیا نەکەن بەهۆی نەبوونی ئاسایش و دڵنیایی بۆ هەر پڕۆژەیەک، هۆکارەکەشی بۆ گوتارەکانی رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا و دەسەڵاتدارانی وڵاتەکە دەگەڕێتەوە." 

سەرەڕای هۆشدارییەکەی سعوودییە لە رۆژنامەی عەکازدا هاتووە، گەشتیارانی سعوودی لە تورکیا دووچاری دزیکردن و فڕاندن و فریودان دەبنەوە. 

لە هەمانکاتدا، پێش سێ مانگ باڵیۆزخانەی سعوودیە لە تورکیا گەشتیارانی وڵاتەکەی ئاگادار کردەوە کە بە هۆشیارییەوە ئاگاداری خۆیان بن لە دزینی پاسپۆرت و کەلوپەلە تایبەتییەکانیان، کە لە لایەن کەسی نەناسراوەوە لە تورکیا ئەنجامدەدرێن. 

هاوکات باڵیۆزخانەی سعوودیە لە تورکیا راگەیه‌ندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە، "باڵیۆزخانەی سعوودیە چەندین سکاڵای هاووڵاتیان و وەبەرهێنەران و خاوەن موڵکەکانی بەدەست گەیشتووە، کە لە بواری خانووبەرەی تورکیا هەراسان دەکرێن، وەک گرێبەستی موڵکایەتی و گرێبەستی رەهنی عەقاریان پێ نادرێت، سەرەڕای ئەوەش رێگریان لێ دەکرێت بچنە نێوە خانووەکانیان سەرەڕای ئەوەی سەرجەم قیستەکانی خانووبەرەیان دابێت، هەروەها لە لایەن کۆمپانیاکانی بەڵێندەرایەتی تورکیاوە هەڕەشەیان لێ دەکرێت." 

بە گوێرەی داتاکانی ساڵی 2018، کۆی وەبەرهێنانی وڵاتانی کەنداو لە تورکیا 19 ملیار دۆلار بوو.

هەروەها 1040 کۆمپانیا سعوودی وەبەرهێنان لە تورکیا دەکەن،  لە نێویدا 250 کۆمپانیا لە کەرتی خانووبەرە کاردەکەن. 

لە لایەکی دیکەوە لە رۆژنامەی ئەلمەدینەی سعوودیدا هاتووە، بەر لە چەند مانگێک ژووری بازرگانی ریاز لایەنە حکوومیەکانی تورکیا تۆمەتبارکردووە بەوەی پارێزگاری لە وەبەرهێنانی سعوودییە ناکەن، جگە لەوەش زۆر جار هەڕەشەیان لێدەکرێت، لەو بارەیەشەوە چەندین جار لە لایەن وەبەرهێنەرە سعوودییەکانەوە ئاگادار کراونەتەوە کە لە تورکیا رووبەڕووی کێشە دەبنەوە و بەربەستیان بۆ دروستدەکرێت.

لەو بارەیەوە عەجلان بن عەبدولعەزیز ئەلعەجلان سەرۆکی ئەنجوومەنی کارگێڕی ژووری ریاز دەڵێت، لایەنە فەرمییەکانی تورکیا بە کاری خۆیان هەڵنەستاون بە پارێزگاریکرن لە وەبەرهێنەرە سعوودییەکان، و جەخت لەوەش دەکاتەوە ئەوەی روودەدات کاریگەری دەبێت لەسەر متمانەی وەبەرهێنەران و گەشتیاری سعوودی بۆ تورکیا کە لە داهاتوودا ئەنجامەکەی بە دیاردەکەوێت.