گۆڕان داوای 5 پۆست لە یەكێتی دەكات

بزووتنەوەی گۆڕان ئەم پۆستانە بە مافی خۆی دەزانێت
kurdistan24.net

K24 - سلێمانی

بزووتنەوەی گۆڕان پێنج پۆستی باڵا لە راپەڕین و گەرمیان و ھەڵەبجە بە مافی خۆی دەزانێت، داوا لە یەکێتی نیشتمانی كوردستان دەکات بەپێی ئەو رێكکەوتنەی لە نێوانیاندا کراوە، ئەو پۆستانە رادەستی بزووتنەوەی گۆڕان بکات، ئەندامێکی فراکسیۆنی گۆڕانیش لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی رایدەگەیەنێت، چاویان لەو پۆستانەیە و وه‌رگرتنیان به‌ پێویست ده‌زانێت.

جارێکی دیكە بابەتی داواکردنی ھەندێک پۆستی حکوومەتە خۆجێیەکان لەنێوان بزووتنەوەی گۆڕان و یەکێتی دێتەوە بەر باس. ھەرچەندە ئەو دوولایەنە ساڵی 2014 رێكکەوتنی دابەشکردنی پۆستەکانیان واژۆ کردووە، بەڵام بزووتنەوەی گۆڕان بەشێک لەو پۆستانەی کە رێكکەوتنی لەسەر کراوە وەرنەگرتووە، ئەو پۆستانەش لە پارێزگای ھەڵەبجە، ئیدارەکانی گەرمیان و راپەڕینن. ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی لە فراکسۆنی گۆڕان دەڵێت "چەندین جار داوامان لە یەکێتی کردووە ئەو پۆستانە بداتە گۆڕان، بەڵام داواکەیانیان پشتگوێ خستووەو پابەندی رێكکەوتنەکەیان نابن".

پەیوەندییەکانی یەکێتی و گۆڕان بەردەوام لە ھەڵکشان و داکشاندابووە، بۆیە ئەمەش کاریگەری راستەوخۆی بەسەر ئەو رێکكەوتنانەوە ھەبووە کە لە نێوانیاندا کراوە، ئەندامێکی فراکسیۆنی یەکێتی دەڵێت، ناکۆکیی نێوان لایەنەکان و گفتوگۆکانی پێکھێنانی حکوومەت ھۆکار بوون بۆ ئەوەی گفتوگۆ لەو بارەیەوە نەکرێت.

ئەو پۆستانەی کە بزووتنەوەی گۆڕان داوای دەکات ئەمانەن، سەرپەرشتیاری ئیدارەی راپەڕین و جێگری سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان و جێگری پارێزگاری ھەڵەبجە و قایمقامی ناوەندی ھەڵەبجە و بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی گەرمیان و چەند پۆستێکی دیکە. بزووتنەوەی گۆڕان دەڵێت، ئەگەر ئەو پۆستانەیان پێنەدرێت ئەوا پێچەوانەی ئەو رێكکەوتنەیە کە 30 نیسانی ساڵی 2014 لەگەڵ یەکێتی واژۆیان کردووە.

ھ.م