ھۆشداری لە داڕمانی ئابووری عێراق دەدرێت

پێشبینی دەكرێت كورتھێنان لە پڕۆژە بوودجەی عێراق %40 بێت

K24 - ھەولێر

لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند "بەھۆی ئەنجامی سیاسەتە ھەڵەكانی حكوومەتی عێراق، مەترسی كەوتووەتە سەر ئابووری وڵات".

روونكراوەتەوە، ئەگەر بێت و كورتھێنان لە پڕۆژە بودجەی 2020 بگاتە 40%، ئەوە ئابووری عێراق لە دۆخی داڕماندا نزیك دەبێتەوە و ئەگەر قەرزی ناوخۆ بگاتە 60% لە پڕۆژەكەدا ئەوە بە یەكجاری دادەڕمێت.

لیژنەكە ئاماژەی بەوەشداوە، بوودجەی وەبەرھێنان لە عێراق دەچێتە كۆمپانیاكانی نەوت و كارەبا و دانەوەی قەرزی گاز و ھەروەھا  پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری و ژێرخانی بنەڕەتی پارێزگاكان، ھەر ئەوەشە وایكردووە كە عێراق لە 2004ـەوە تاوەكو ئێستا پاڵپشتی ھیچ ھێڵێكی بەرھەمھێنانی نەكردووە.

لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێ "حكوومەتی عێراق تەنیا 500 ملیار دیناری تەرخانكرادووە بۆ ئاوەدانكردنەوەی بەنداوی فاو كە دەرخەری ئەوەی تا چەند ئەو وڵاتە توانای ھەنگاونانی جددی نییە و تەنیا بەڵێن دەدات".

ھ.م