راگه‌یه‌ندراوێك له هه‌سه‌ده‌وه
K24 – هه‌ولێر:
هێزه‌كانی سووریای دیموكرات(هه‌سه‌ده)، له باره‌ی به‌جێهێشتنی شارۆچكه‌ی سه‌رێ كانی، راگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكرده‌وه.
كینۆ كبریل، گوته‌بێژی ره‌سمی هه‌سه‌ده، رایگه‌یاند، له چوارچێوه‌ی رێككه‌وتنی ئاگربه‌ستی كاتی بۆ كرده‌وه سه‌ربازییه‌كان له‌گه‌ڵ لایه‌نی توركیی و به ناوه‌ندگیری ئه‌مه‌ریكا، ئه‌مڕۆ هێزه‌كانمان سه‌رێ كانیان به ته‌واوی به‌جێهێشت.
گوتیشی: له‌مڕۆوه هیچ شه‌ڕڤانێكمان له ناو شارۆچكه‌ی سه‌رێ كانی نییه.
ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه (20ی تشرینی یه‌كه‌م/ ئۆكتۆبه‌ری 2019) سه‌رچاوه‌یه‌كی به‌رپرس له به‌رهه‌ڵستكارانی سووریا، رایگه‌یاند، كاروانێكی هێزه كوردییه‌كان شارۆچكه‌ی سه‌رێ كانیان له نزیك سنووری سووریا به‌ره‌و حه‌سه‌كه به‌جێهێشت.
گوتیشی: پاشه‌كشێی ئه‌و كاروانه‌ی هه‌سه‌ده له چوارچێوه‌ی ئه‌و رێككه‌وتنه دێت، كه ئه‌مه‌ریكا و توركیا رۆژی 17ی ئه‌م مانگه واژوویان كرد.
به گوێره‌ی رێككه‌وتنه‌كه ده‌بێت هێزه‌كانی هه‌سه‌ده به قوڵایی 32 كیلۆمه‌تر و به درێژایی 444 كیلۆمه‌تر له ناوچه‌كانی سنووری نێوان سووریا و توركیا پاشه‌كشێ بكه‌ن.
بۆ جێبه‌جێكردنی رێككه‌وتنه‌كه 120 كاتژمێر دیاریكراوه و ده‌بێت له‌و ماوه‌یه‌دا جێبه‌جێ بكرێت.
كشانه‌وه‌ی هه‌سه‌ده له سه‌رێ كانی دوای ئه‌وه دێت، دوێنێ شه‌ممه 19ی ئۆكتۆبه‌ر، مه‌زڵوم كوبانێ فه‌رمانده‌ی گشتیی هێزه‌كانی سووریای دیموكرات رایگه‌یاند، توركیا ئاسته‌نگ بۆ كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانیان له سه‌رێ كانی درووست ده‌كات.
گوتیشی: ئه‌گه‌ر توركیا پابه‌ندی ئاگربه‌ست نه‌بێت، ئه‌وا رێككه‌وتنی ئاگربه‌ست به پیلانگێڕییه‌ك دژی هێزه‌كانی لێكدانه‌وه‌ی بۆ ده‌كرێت.
دوای كشانه‌وه‌ی هه‌سه‌ده، ئاژانسی هه‌واڵده‌ری ره‌سمی سووریا(سانا) بڵاویكرده‌وه، ئه‌مڕۆ سوپای توركیا و میلیشیا هاوپه‌یمانه‌كانی به ته‌واوی چوونه ناو سه‌رێ كانی.
هه‌ر له‌و چوارچێوه‌یه‌دا، سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا، دۆناڵد تره‌مپ له نوێترین تویتیدا رایگه‌یاند، ئه‌مه‌ریكا نه‌وته‌كه‌ی زامن كردووه. ئاگربه‌ستی نێوان توركیا و كورد زۆر به باشی جێبه‌جێ كراوه. هێزه‌كانمان به ته‌واوی ده‌گه‌ڕێنه‌وه بۆ نیشتمان.
تره‌مپ نووسیویه‌تی: مارك ئیسپه‌ر، پێی گوتم: ئاگربه‌سته‌كه زۆر به باشی جێبه‌جێ كراوه. هه‌ندێك گرفت هه‌بوون، به خێرایی چاره‌سه‌ر كراوون. كورده‌كان له ناوچه‌ی نوێ نیشته‌جێ ده‌كرێن. سه‌ربازانی ئه‌مه‌ریكا له شوێنی شه‌ڕ و ناوچه‌ی ئاگربه‌سته‌كه نین. ئێمه نه‌وته‌كه‌مان زامن كردووه. درێژه به كشانه‌وه‌ی سه‌ربازه‌كان بۆ نیشتمان ده‌ده‌ین.
له لایه‌كی دیكه‌وه، ئاژانسی هه‌واڵده‌ری سانای ره‌سمی سووریا، بڵاویكرده‌وه، سوپای ئه‌مه‌ریكا ده‌ستیكردووه به گواستنه‌وه‌ی هاوسه‌ر و خێزانی چه‌كداره داعشه‌كان له كه‌مپی هول.
سانا له زاری سه‌رچاوه‌كانیه‌وه، ئه‌وه‌شی بڵاوكردووه‌ته‌وه، ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه (20ی تشرینی یه‌كه‌م/ ئۆكتۆبه‌ری 2019)، هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له كه‌مپی هولی خۆرهه‌ڵاتی شاری حه‌سه‌كه ده‌ستیان به جیاكردنه‌وه‌ی هه‌موو ئه‌و ژن و خێزانانه‌ی داعش كردووه، كه له كه‌مپه‌كه‌دا به مه‌به‌ستی گواستنه‌وه‌یان.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شداوه، هێلیكۆپته‌ره‌كانی ئه‌مه‌ریكا به چڕی به ئاسمانی كه‌مپه‌كه‌دا سووڕاونه‌ته‌وه.
ئاشكراشیكردووه، تا ئێستا ئه‌مه‌ریكا 230 چه‌كداری بیانی ده‌ستگیركراوی داعشی گواستووه‌ته‌وه، كه له زیندانی مالكییه بوون.
رۆژی 11ی تشرینی یه‌كه‌م/ ئۆكتۆبه‌ری 2019، هاوكات له‌گه‌ڵ بۆردومان و هێرشی سوپای توركیا بۆ سه‌ر رۆژئاوای كوردستان، خێزان و كه‌سوكاری چه‌كدارانی داعش له كه‌مپی هۆلی ژێر ده‌سه‌ڵاتی ئیداری به‌ڕێوبه‌رایه‌تی خۆسه‌ردا ده‌ستیان به پشێوی نانه‌وه كرد و به سه‌دان كه‌سیان رایانكرد.
رۆژێك پێشتر له كۆنفرانسێكی رۆژنامه‌وانیدا، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا، مه‌ولود چاوشئۆغلۆ رایگه‌یاند، به‌رپرسیارێتی زیندانییانی داعش له باكووری سووریا ده‌گرینه ئه‌ستۆ.
پێشتریش سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا، دۆناڵد تره‌مپ رایگه‌یاندبوو، توركیا ده‌بێت به‌رپرسیارێتی پاراستنی ده‌ستگیركراوه‌كانی داعش له ئه‌ستۆ بگرێت.
رۆژی 6ی تشرینی یه‌كه‌م/ ئۆكتۆبه‌ری 2019، ئیداره‌ی خۆبه‌ڕێوبه‌ری باكوور و خۆرهه‌ڵاتی سووریا، هۆشداری دا له گه‌ڕانه‌وه‌ی داعش به تایبه‌تی له كه‌مپی هولی په‌نابه‌ران، ئه‌گه‌ر بێت و توركیا له‌شكركێشی بكاته سه‌ر خۆرهه‌ڵاتی فورات.
له به‌یاننامه‌یه‌كدا، ئیداره‌كه رایگه‌یاند، دوای سه‌ركه‌وتنی هه‌سه‌ده له شه‌ڕی باغۆز، كه خاڵی یه‌كلاكه‌ره‌وه بووه له قه‌یرانی سووریادا، هه‌زاران چه‌كدار و خێزانی داعش خۆیان راده‌ستی هێزه‌كانی سووریای دیموكرات(هه‌سه‌ده) كرد و له كه‌مپی ئاواره‌كانی هول نیشته‌جێ كران.
به گوێره‌ی زانیارییه ره‌سمییه‌كانی ئیداره‌ی خۆسه‌ر، له كه‌مپی هولدا 71 هه‌زار و 658 ئاوار و په‌نابه‌ر گیرساونه‌ته‌وه و كه هاووڵاتی زیاتر له 60 وڵاتی جیهانن.
له باره‌ی ورده‌كاری ژمارهكانهوه، ئیداره‌ی خۆبه‌ڕێوبه‌ری راشیگه‌یاند، له‌و ژماره‌یه، 30 هه‌زار و 890 كه‌سیان خه‌ڵكی عێراقن، 30 هه‌زار و 314 كه‌سیان خه‌ڵكی سووریا‌ن، 10 هه‌زار و 454 كه‌سیان خه‌ڵكی وڵاتانی جیاجیان و ئه‌مانه‌ش كه‌سوكاری چه‌كدارانی داعشن و هیچیان مه‌ترسییان له‌و چه‌كدارانه كه‌متر نییه كه له لایه‌ن هه‌سه‌ده‌وه ده‌ستگیركراوون.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شداوه، ژنانی سه‌ر به داعش له ناو كه‌مپه‌كه خۆیان رێكخستووه‌ته‌وه و خه‌ریكی چاندنی هزری توندڕه‌وین له ناو منداڵ و تازه پێگهیشتووهكانیاندا و ئه‌مه‌ش به‌ڵگه‌یه له‌سه‌ر بوونی په‌یوه‌ندی له نێوان هه‌ڕه‌شه‌كانی توركیا و ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغانی سه‌رۆكی ئه‌و وڵاته و جموجوڵی ژنانی سه‌ر به داعش.
ئیداره‌ی خۆسه‌ر، له‌و به‌یاننامه‌یه‌دا سێ رۆژ پێش ده‌ستپێكردنی هێرشه‌كه‌ی توركیا راشیگه‌یاندبوو، ئه‌گه‌ر ئه‌ردۆغان هه‌ڕه‌شه‌كانی جێبه‌جێ بكات، ئه‌وا ناوچه‌كه به‌ره‌و لێواری شه‌ڕ و ته‌قینه‌وه و بڵاوبوونه‌وه‌ی پاشاگه‌ردانی و پشێوی ده‌بات و ئه‌سته‌م ده‌بێت كۆنترۆڵ بكرێته‌وه.