ئێمه ڕقمان له تورك نییه!
ئێوه به تانكه‌كانتانه‌وه دێنه سه‌رمان، به فڕۆكه‌كانتان بۆمبارانمان ده‌كه‌ن و ڕه‌ز و باخمان ده‌سووتێنن. نیو سه‌ده‌یه مانگێكمان نه‌بووه كه ئێوه دارستانێكمان گڕ نه‌ده‌ن، هه‌ر كاتێك داوای مافه‌كانی خۆمانتان لێ بكه‌ین، به تیرۆریستمان ده‌زانن. ده‌بوو ڕقمان لێتان بێت، به‌ڵام ئاواش داوای ئاشتی و برایه‌تیتان لێ ده‌كه‌ین!
له وڵاته‌كه‌ی ئێمه منداڵان بۆ ڕق لێبوونه‌وه له ئێوه ڕاناهێنرێت، ئێوه له نێو شاره ئازادكراوه‌كانی ئێمه‌دا، دووكانی تانتوونی و شاورمه ده‌كه‌نه‌وه و لێتان ده‌كڕین، كاڵاكانتان به زمانی خۆتان ده‌فرۆشن و كه‌س بێڕێزیتان پێ ناكات، كه‌چی ئێوه مناڵاكه‌نتان ڕادێنن ڕقیان له ئێمه بێت، له شاره‌كانتان كه بۆ نه‌خۆشی سه‌ردانی ده‌كه‌ین، له پیره پیاوه‌كانمان ده‌ده‌ن كه به كوردی قسه‌ی كردووه، له‌و گه‌نجانه‌مان ده‌ده‌ن كه پاره‌كه‌ی هێناوه تا له گه‌شتی وڵاته‌كه‌ی ئێوه‌دا خه‌رجی بكات!
به‌ڵێ ده‌بوو ڕقمان لێتان بێت و كه‌چی هێشتاش ڕقمان لێتان نییه، هه‌ر ده‌مانكوژن و كه‌سیش ڕاناهێنین كه ڕقی لێتان بێت، به منداڵه‌كانمان ناڵێین تورك جانه‌وه‌ر و دڕنده‌یه. ئه‌و مێژووه‌ی كه هه‌تانه نیوه‌ی هی ئێمه‌یه، ئه‌و خاكه‌ی كه هه‌تانه نیوه‌ی هی ئێمه‌یه، ئه‌و پارووه‌ی كه ده‌یخۆن، نیوه‌ی هی ئێمه‌یه، ئه‌و كۆماره‌ی كه هه‌تانه، خوێنده‌واره‌كانی ئێمه بۆتانی دروست كرد، مێژووتان نه‌بوو ئه‌گه‌ر ئێمه نه‌باین، ڕووس هاته سه‌رتان و سوڵتانه‌كه‌تانمان پاراست، مه‌غۆل ڕاوینان و له‌سه‌ر خاكی ئێمه گیرسانه‌وه و ڕێمان لێ نه‌گرتن، ئێمه هێشتاش ڕقمان لێتان نییه، وه‌رن با پێكه‌وه بژین، كارێك مه‌كه‌ن ڕقمان لێتان بێت، وه‌رن با ببینه برا، وه‌رن ئێوه فێری كوردی بن و ئێمه‌ش فێری توركی ده‌بین، با له یه‌ك قوتابخانه وانه‌ی مرۆڤایه‌تی بخوێنین، چه‌كه‌كانتان دابنێن و چه‌كه‌كانمان داده‌نێین!
ئه‌و سنووره‌ی ده‌تانه‌وێت بیپارێزن، هی ئێوه نییه، خاكی ئێوه له ئه‌رزنجان و ترابزۆن كۆتایی دێت، ئه‌وه‌ی به تانك و سه‌رباز ته‌نیوتانه هی ئێمه‌یه، ڕۆژێك ده‌بێت هه‌ر جێیبێڵن، ده‌ی وه‌رن برابین و بژین له‌گه‌ڵمان و ده‌ژین له‌گه‌ڵتان، تا بمانكوژن، ئێمه‌ش هه‌ر گه‌ریلا و پێشمه‌رگه ده‌بین، ته‌رمێك بۆ ئێمه بێته‌وه، دانه‌یه‌كیش بۆ ئێوه هه‌ر ده‌ڕواته‌وه!
هێشتاش ڕقمان لێتان نییه، گه‌رچی ده‌بوو ڕقمان لێتان بایه و له هه‌ر كوێ ئێوه‌مان دیبا، بمانكوشتنایه، به‌ڵام ئه‌م خوێنه هه‌ر ده‌بێت ڕاوه‌ستێت، ئه‌م برینه هه‌ر ده‌بێت ساڕ‌ێژ بكرێت، ئێمه په‌نجا ملیۆن مرۆڤین، پێش ئه‌وه‌ی ئێوه بێن لێره بووین، پێش كۆماره‌كه‌تان، پێش دیرۆك و زمانه‌كه‌تان، له‌م به‌نده‌ن و زناره‌ی خۆمان ده‌ژیاین، نیشتمانی ئێوه به‌سه‌ر پشتی وڵاغه‌كانتانه‌وه بوو، ڕه‌گی ئێمه‌ش له‌م خاكه‌دا تا عه‌ده‌م ڕۆچوو بوو، ئێوه هاتن و ده‌رسی قه‌سابیتان له‌سه‌ر ئێمه خوێند، مناڵه‌كانتان فێر كرد كه گه‌وره بوون ڕقیان لێمان بێت!
به‌ڵام ئێمه ناتوانین وانه‌ی فاشیزم به مناڵه‌كانمان بڵێینه‌وه، به شێوه‌یه‌كی تر ده‌تانكوژین، ئیدی گه‌شتی وڵاتی ئێوه ناكه‌ین، تا ئه‌و ڕۆژه‌ی فێری ئاشتی ده‌بن، ئیتر له‌فه‌ی تا‌نتونیتان لێ ناكڕین، شه‌ربه‌ت و شامپۆ و مادده‌كانی ئاڵتوونسا و زه‌یتی زێڕی ئێوه ناخۆینه‌وه، كۆنه‌ی وڵاتانی دی ده‌پۆشین و پانتۆڵی ئێوه له‌به‌ر ناكه‌ین، هه‌ر كه‌سه و به جۆرێك ده‌مرێ، ئێمه به ده‌ستی ئێوه و ئێوه‌ش به بوغزی ئێمه!