به‌وێنه‌.. ژماره‌یه‌كی دیكه‌ی په‌نابه‌ری رۆژئاوا گه‌یشتنه‌ هه‌رێمی كوردستان

ژماره‌یه‌كیان له‌ رێگه‌ن

K24- دهۆك:

ئه‌مڕۆ ژماره‌یه‌كی دیكه‌ی ئاواره‌ی رۆژئاوای كوردستان خۆیان گه‌یانده‌ هه‌رێمی كوردستان و له‌ كه‌مپی به‌رده‌ڕه‌شی سه‌ر به‌ پارێزگای دهۆك نیشته‌جێ كران.

په‌یامنێری كوردستان 24 رایگه‌یاند، سه‌دان ئاواره‌ی دیكه‌ی رۆژئاوای كوردستان، كه‌ به‌ هۆی هێرشی توركیا و تێكچوونی دۆخی ئه‌منی ناوچه‌كانیان ماڵ و حاڵی خۆیان جێهێشتووه‌، خۆیان گه‌یانده‌ سنووری هه‌رێمی كوردستان و بۆ كه‌مپی به‌رده‌ڕه‌ش له‌ سنووری پارێزگای دهۆك ده‌گوازرێنه‌وه.

ئاشكراشیكرد، هه‌ر ئه‌مڕۆ 576 كه‌س له‌و ئاوارانه‌ گوازراونه‌ته‌وه‌ بۆ كه‌مپی به‌رده‌ڕه‌ش و گوتیشی: ١٣٠٠ کەسی دیکەش بەرەو کەمپەکە له‌ڕێگه‌ن.

هه‌ر ئه‌مڕۆ رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێم دووپاتی كرده‌وه‌، تا ئێستا به‌هۆی ئه‌و دۆخه‌ی له‌ رۆژئاوای كوردستان هاتووه‌ته‌ ئاراوه‌، زیاتر له‌ 5 هه‌زار په‌نابه‌ر گه‌یشتوونه‌ته‌ هه‌رێمی كوردستان.

وه‌زیری ناوخۆ جه‌ختیشی كرده‌وه‌، سنوورەکانی هه‌رێمی كوردستان به‌ڕووی په‌نابه‌راندا کراوەن و هەموو ئامادەکارییەکیش بۆ پێشوازیکردن لێیان کراوە.

رێبەر ئەحمەد ئاشکراشی کرد، لە دیوی رۆژئاوای کوردستانەوە رێگری لە هاتنی ئاواره‌كان دەکرێت و لە بەرامبەر پەڕینەوەیان بۆ هەرێمی کوردستان ئاواره‌كان ناچارکراون پارە بدەن.

H.B