پوتن: پێویسته مافه‌كانی كورد له ده‌ستووری سووریادا جێیان بكرێته‌وه
K24 – هه‌ولێر:
سه‌رۆكی رووسیا، ڤلادیمێر پوتن، رایگه‌یاند، پێویسته له نێوان كورد و دیمه‌شقدا گفتوگۆ هه‌بێت و له ده‌ستووری نوێی سووریادا، مافی كورد جێی بكرێته‌وه.
ئه‌مڕۆ هه‌ریه‌ك له ڤلادیمێر پوتن، سه‌رۆكی رووسیا و ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، سه‌رۆكی توركیا له سوچی بۆ تاوتوێكردنی ره‌وشی سووریا و رۆژئاوای كوردستان كۆبوونه‌وه.
دوای چه‌ند كاتژمێرێك له كۆبوونه‌وه‌كه‌یان، پوتن و ئه‌ردۆغان كۆنفرانسێكی رۆژنامه‌وانیان ئه‌نجامدا.
له كۆنگره‌كه‌دا، پوتن گوتی: پێویسته هه‌موو ئه‌و هێزه بیانییانه‌ی به ناشه‌رعی هاتوونه‌ته ناو خاكی سووریا بكشێنه‌وه.
گوتیشی: رووسیا پشتیوانی له گفتوگۆی هه‌مه‌گیری نێوان كورد و دیمه‌شق ده‌كات.
هه‌روه‌ها گوتی: پێویسته یه‌كپارچه‌یی خاكی سووریا بپارێزرێت.
پوتن ئاشكراشیكرد، له‌گه‌ڵ ئه‌ردۆغان گه‌یشتوونه‌ته رێككه‌وتنی چاره‌نووسساز و دواتر سێرگی لاڤرۆڤ، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی رووسیا ناوه‌ڕۆكی ئه‌و رێككه‌وتن و بڕیارانه ئاشكرا ده‌كات.