ھەرێمی كوردستان دەبێتە پەناگەی ئاوارە و پەنابەران

نزیكەی 40 كەمپی ئاوارە و پەنابەران لە ھەرێمی كوردستان ھەن
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

لەگەڵ ھێرشەكانی توركیا بۆسەر رۆژئاوای كوردستان زیاتر لە 10 ھەزار كەس روویان لە ھەرێمی كوردستان كردووە و ئەمە لەكاتێكدایە پێشتر 229 ھەزار ھاووڵاتی دیكەی رۆژئاوای كوردستان و سووریا لە ھەرێمی كوردستان نیشتەجێ كراون.

هۆشەنگ محەمەد، بەڕێوبەری گشتی ناوەندی هەماهەنگی رووبەڕووبوونەوەی  قەیرانەکان لە هەرێمی کوردستان بە كوردستان24ی راگەیاند: "لە ھەرێمی كوردستان 38 كەمپی ئاوارەكان ھەیە و ئێستا كەمپێكی دیكە دەكەینەوە لە بەردەڕەش تایبەت دەبێت بە ئاوارەكانی رۆژئاوای كوردستان".

گوتیشی: "ئێستا 791 ھەزار ئاوارەی ناوخۆی عێراق لە ھەرێمی كوردستان ھەن، ھەروەھا 229 ھەزار پەنابەری رۆژئاوای كوردستان و سووریا لە ھەرێمی كوردستان نیشتەجێن، ئەوانەی ئێستاش لە رۆژئاوای كوردستان روویان لە ھەرێمی كوردستان كردووە و بەشێكیان لەسەر سنوورن ژمارەیان بۆ سەرووی 10 ھەزار كەس دەبێت".

ئاماژەی بەوەشدا: "بەشێك لەو ئاوارانەی گەڕابوونەوە ناوچەكانی عێراق، بەھۆی نەبوونی خزمەتگوزاری و نەبوونی سەقامگیری و ترسی سەرھەڵدانەوەی داعش، جارێكی دیكە روویان كردووەتەوە ھەرێمی كوردستان".

روونیكردەوە: "ئەو كەمپانەی لە ھەرێمی كوردستان دامەزراون ھەموویان وەك پەناگەی خێرابوون، لەبەر ئەوە كوالیتان بەرز نییە و خەرجیشیان زۆرە، چونكە چەند مانگ جارێك دەبێ خێمەكان بگۆڕدرێن، بۆ گۆڕینی سیستمی كەمپەكان لەگەڵ UN گفتوگۆمان كردووە".

ھ.م