داھاتووی رۆژئاوای كوردستان لەنێوان رێككەوتنی وڵاتان دیار نییە

دەبێ رووسیا گەرەنتی پاراستنی خەڵك بدات

K24 - قامیشلو

پارتەكانی رۆژئاوای كوردستان دەڵێن، دۆخی رۆژئاوای كوردستان بە شێوەیەك ئاڵۆز و ناڕوونە كە تائێستا لەنێوان رێككەوتنەكانی وڵاتانی زلھێز داھاتووی كورد دیار نییە و نازانن رێككەوتنەكان لەسەر چی كراون و داھاتووی كورد لە رۆژئاوای كوردستان و ناوچەكە چۆن دەبێت.

لەبارەی رێككەوتنی نێوان رووسیا و توركیا، مەزڵوم عەبدی فەرماندەی ھێزەكانی سووریای دیموكرات (ھەسەدە) دەڵێ "تێبینیمان لەسەر رێككەوتنەكە ھەیە و قبوڵمان نەكردووە".

موحسین تاھیر ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان - سووریا، بە كوردستان24ی راگەیاند: "لێدوانەكانی مەزڵوم عەبدی بە دەنگێكی زوڵاڵ نییە و پێویستە كورد لە رێگەی بڕیاری سیاسیی و بڕیارە نێودەوڵەتییەكان مافی خۆی وەرگرێت".

پەیوەست بەو پرسە تەلال محەمەد سكرتێری پارتی ئاشتی دیموكراتی كورد لە سووریا دەڵێت: "تائێستا سوپای توركیا و میلیشیاكان شەڕیان دژی ھەسەدە نەوەستاندووە، ھەسەدەش ترسی ھەیە لە كشانەوە، كاتێك ئەوان بكشێنەوە كێ خەڵك دەپارێزێت؟، بۆیە پێویستە رووسیا گەرەنتی پاراستنی ھاووڵاتییانی كورد بدات".

ھ.م