دەبێت نرخی نەوت سێ هێند زیاد بکات تاکو ئابووری ئێران گەشە بکات

داتای نەرێنیی چاوەڕێی ئابووری ئێران بۆ ساڵی داهاتوو دەکات

K24 – هه‌ولێر:

سندوقی نەختینەی نێودەوڵەتی بڵاویکردەوە، بۆ ئەوەی هاوسەنگی لە بودجەی ساڵی داهاتووی هەبێت، کۆماری ئیسلامی ئێران پێویستی بەوە هەیە نرخی یەک بەرمیل نەوت 194 دۆلار و شەش سەنت بێت.

بەهۆی سزاکانی ئەمەریکا بۆ سەر ئێران، ئەمساڵ کورتهێنان لە خەرجییەکانی حکوومەتی ئێران 4.5% بووە و بە گوێرەی داتاکانی سندوقی نەختینەی نێودەوڵەتی، ساڵی داهاتوو بۆ 5.1% بەرز دەبێتەوە.

ئەمەش لە کاتێکدایە نرخی یەک بەرمیل نەوت لە دەوری 60 دۆلاردایە و ئەستەمە بۆ ئەو نرخەی ئێران پێویستی پێی هەیە زیاد بکات.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، لە رێککەوتنامەکەی ساڵی 2015ی ئێران کشایەوە و سزای ئابووری توندی بەسەر تاراندا سەپاند و پێشبینی دەکرێت لەم ساڵدا، گەشەی ئابووری ئێران بە رێژەی 9.5% دابەزێت.

بەگوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی رۆیتەرز، هەناردەی ئێران لە 103 ملیار و 200 ملیۆن دۆلارەوە بۆ 60 ملیار و 300 ملیۆن دۆلار لە مساڵدا دابەزیووە، ساڵی داهاتووش، بۆ 55 ملیار و 500 ملیۆن دۆلار دادبەزێت.

 Reuters