ئەفسەرێکی سەددام حوسەین دەبێتە جێگرەوەی بەغدادی

جێگرەوەی ئەبوبەکر بەغدادی دیاری کرا

K24 – هه‌ولێر:

دوای کوشتنی ئەبوبەکر بەغدادی لە ئیدلبی سووریا لە لایەن هێزێکی تایبەتی ئەمەریکا، رێکخراوی داعش جێگرەوەی بەغدادی دیاری کرد.

بەگوێرەی هەواڵێکی گۆڤاری نیوزویکی ئەمەریکی، عەبدوڵڵا قرداش وەک جێگرەوەی بەغدادی هەڵبژێردراوە.

قرداش خەڵکی تەلەعفەری عێراقە و زانستی ئیسلامی لە زانکۆی مووسڵ خوێندووە و لە ساڵی 1974 لە دایکبووە.

پێش چوونی بۆ ناو ریزەکانی داعش، ئەفسەر بووە لە سوپاکەی سەددام حوسەین و لە ساڵی 2003 لە لایەن سوپای ئەمەریکاوە لە بەسرە بەندکراوە.

پێشتریش، پەیوەندی لەگەڵ رێکخراوی ئەلقاعیدە هەبووە.

پێش کوژرانی بەغدادی، عەبدوڵڵا چەند بەرپرسیارەتییەکی لەناو داعش هەبووە، کۆڤاری نیوزویک ئاشکرایکردووە، بەغدادی تەنها بە "بەڵێ" و "نەخێر" وەڵامی هەبووە و بەشدارنەبووە لە دانانی پلانەکان، بەڵام عەبدوڵڵا یەکێک بووە لە کەسە چالاکەکان.