چەند بەرپرسێکی ئەمەریکی چۆنیەتیی قایلکردنی ترەمپ بە مانەوە لە سووریا ئاشکرا دەکەن

ترەمپ هەموو داواکانی رەتکردووەتەوە تاوەکو ناوی شتێک بردراوە

K24 – هه‌ولێر:

چەند بەرپرسێکی سەربازیی ئەمەریکی بە رۆژنامەی واشنتن پۆستیان گوتووە، دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمەریکا تەنها ئەو کاتە بە هێشتەوە بەشێک لە سەربازەکانی ئەمەریکا لە سووریا قایل بووە کە پێیگوتراوە، کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا، کۆنتڕۆڵی بیرە نەوتەکان دەخاتە مەترسییەوە.

لە دواین لێدوانی لەبارەی رەوشی سووریا، ترەمپ رایگەیاندووە: "ئێمە هەرگیز رێگا نادەین داعش بیرە نەوتەکان بگرێتەوە دەست".

وەزیری بەرگری ئەمەریکاش، مارک ئیسپەر هەمان لێدوانی دا و رایگەیاند، بەشێک لە سوپای ئەمەریکا لە سووریا دەمێننەوە تاکو رێگری بکەن لە کۆنتڕۆڵکردنەوەی کێڵگە نەوتییەکان.

بەرپرسانی ئەمەریکا بە واشنتن پۆستیان گوتووە، پێنتاگۆن زۆر هەوڵی قایلکردنی سەرۆکی ئەمەریکایان داوە کە تەواوی هێزەکان لە سووریا نەکشێنێتەوە، دواتر کاتێک باسی مەترسی لە دەستدانی کۆنتڕۆڵی کێڵگە نەوتییەکانیان پێ گوتوە، ترەمپ رەزامەندی نیشانداوە کە بەشێک لە هێزەکە بمێننەوە و کۆنتڕۆڵی ئاسمانی ناوچەکە لە لایەن ئەمەریکاوە بەردەوامیی هەبێت.

بە تەنزەوە بەرپرسێکی سەربازیی رایگەیاندووە: "وەکو ئەوە وایە دەرمان بۆ منداڵ بخەیتە ناو ماست یان شەربەتەوە تاوەکو بیخوات".

ئەمەش لە کاتێکدایە، پێشتر سەرۆکی ئەمەریکا رایگەیاندبوو کە تەواوی هێزەکانی لە سووریا دەکشێنێتەوە و رێگاش بە کورد و تورکیا دەدات "وەک دوو منداڵ" بجەنگن.

H.J