سێ كەس بە تۆمەتی دزینی بەشەخۆراك و پاسكیل لە ھەڵەبجە دەستگیر كران

"دانیان بە تاوانەكانیان داناوە"

K24 - ھەڵەبجە

لە ھەڵەبجە دوو كەس دەستگیر كران كە بەشەخۆراكی (بایەعی) چوار دوكانیان دزیووە و كەسێكی دیكەش بە تۆمەتی دزینی پاسكیل دەستگیر كراوە.

رائید بەرزان عوسمان، وتەبێژی بەڕێوبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەڵەبجە لە راگەیەندراوێكدا ئاشكرای كرد: "مەفرەزەی هاوبەشی بنکەی پۆلیسی هەڵەبجە و بنکەی پۆلیسی شەهید سەرکار، دوو تۆمەتباریان بەناوەكانی (ر.ع.ح) تەمەن 22 ساڵ دانیشتووی پارێزگای هەڵەبجە و (س.م.ا) تەمەن 40 ساڵ دانیشتوی پارێزگای هەڵەبجە دەستگیر كردن كە بەشەخۆراكی چوار دوكانیان دزیووە، لەبەردەم دادوەری لێکۆڵینەوە دانیان بە تاوانەکەیان دا ناوە و بەپێی ماددەی یاسایی 444 لە یاسای سزادانی عێراقی لەکاتی ئێستادا بەند كراون".

راشیگەیاند: "ھەر لە ھەڵەبجە تۆمەتبارێکی دیکە بە تۆمەتی دزیکردن لە دوکانی فرۆشتنی پاسکیل دەستگیرکرا کە هەستاوە بەدزینی پێنج پاسکیل".

ئاشكرای كردووە: "تۆمەتبارەكە ناوی (ه.ن.ر) تەمەن ۲۷ساڵە و دانیشتووی پارێزگای هەڵەبجەیە و پێشینەی تاوانی دیکەی هەیە بۆ چەندین جار لەلایەن مەفرەزەکانی بنکەی پۆلیسی هەڵەبجەوە دەستگیر كراوە و پێشتر سزادراوە لەسەر تاوانی دیکەی دزی".

ھ.م